هونەرمەند مەرزیە فەریقی
یادى مەرگى
20 ساڵە مەرزییەى فەریقى لێرە نییە
964+
وریا فەتاح
20 ساڵ لەمەوبەر، هونەرى کوردى یەکێک لە دەنگە ئەفسوناوییەکانى لەدەستچوو کە لە ئەوکیدا ئازارى ژن و نیشتمان و عیشق و ئازادى هەڵگرتبوو.
ئەمڕۆ، 20 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کورد، مەرزییە فەریقی-دا تێدەپەڕێت کە وەک سیمبولێکی بەهێزی ژنانی کورد لە بواری مۆسیقادا یاد دەکرێتەوە.
مەرزییە، کە ناوی تەواوی مەرزییە شەهاب عەبدوڵڵایە، لە 22ـی ئایاری 1958 لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
ساڵی 1978 ژیانی هاوسەری لەگەڵ هونەرمەندی ناودار، ناسر ڕەزازی پێکهێناوە، لەە ساڵانی هەشتاکاندا، شانبەشانی هاوسەرەکەی پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگەوە کرد و لەو ماوەیەدا هونەرەکەی تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بوو، رەنگە گۆرانى “سڵاو ئەى هەڤاڵى پێشمەرگە”، بەس بوبێت کە ئەوکاتە ئازایەتى و نەبەردى پێشمەرگەى جۆش دەدا.
مەرزییە فەریقی لە 18ـی ئەیلوولی 2005، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و لە تەمەنی 47 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ کوردستان و لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بەخاک سپێردر.
مەرزییە فەریقی بە دەنگە بەسۆزەکەی و پابەندبوونی بە دۆزی نەتەوەکەیەوە، شوێنێکی دیاری لە مێژووی مۆسیقا و چاندی کوردیدا بەجێهێشتووە.