قۆناغی 16ی جامی كوردستان به‌ كلاسیكۆ ده‌ستپێده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26.2.2023 یارییه‌كانی قۆناغی 16ی جامی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، یاری كلاسیكۆ و ئه‌وه‌ی بدۆڕێت ده‌چێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ چوار یاری له‌ قۆناغی 16ی جامی كوردستان دێنه‌ ئه‌نجامدان، سه‌رنجه‌كان زیاتر له‌سه‌ر یاری نێوان دهۆك و هه‌ولێر ده‌بێت، كه‌ یاری نێوانیان به‌ كلاسیكۆی كوردستان ده‌ناسرێت و ئه‌مجاره‌ له‌ یاریگه‌ی دهۆكدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئێستا هه‌ردوو یانه‌ له‌ رووی ئاستی هونه‌رییه‌وه‌ به‌ پێی پێویست ده‌رناكه‌ون، به‌ جۆرێك هه‌ولێر له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان یاری ده‌كات و دهۆكیش له‌ پله‌ی كۆتایی ریزبه‌ندی خولی نایابه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاری نێوان دهۆك و هه‌ولێر هه‌موو كات جۆرێك له‌ هه‌ستیاری و به‌هێزیی تێدایه‌ و جه‌ماوه‌ر به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.
له‌ جامی كوردستان سیستمه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌، هه‌ر تیپێك به‌ یه‌ك دۆڕان ماڵئاوایی ده‌كات.
خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ، كه‌ سه‌رجه‌میان كاتژمێر 14:30 به‌ڕێوه‌ده‌چن:
دهۆك – هه‌ولێر 
هندرێن – چوارقوڕنه‌
سیروانی نوێ – هه‌ڵۆ
سنوور – قه‌ڵادزێ.
هاوكات سبه‌ی دووشه‌ممه‌ چوار یاریی دیكه‌ له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن.