داواکراوە رەمپا دابنرێ

کورتەباڵاکان بەزەحمەت موچە لە ATM بەرزەکان وەردەگرن

ئەحمەد مستەفا

ئەو کوڕ و کچانەی “کورتەباڵان” و باڵای جسمیان لەناو مێشک و هزریان کۆبووەتەوە، ئێستا ئەحتیاجی دانانی رەمپان، تا ئەو 150 یان 300 هەزارەی وەک موچە بۆیان خەرج دەکرێ بتوانن، بە ئاسانی لە ئامێری ATM وەری بگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەکیان لەگەڵ ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی دیداریان هەبوو، چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، بەرێوەبەر گوێی لە کێشە و داواکارییەکانیان گرتووە.

کورتەباڵاکان باسیان لە کۆمەڵێک گرفت و بەربەست لە ژیانی رۆژانە و بواری کارکردنیان کردووە، لەوانەش نەگەیشتنی دەستیان بە ATM ـەکان بۆ مامەڵەی پارە، کە بەهۆی باڵایانەوە زۆرجار گرفتیان بۆ دروست دەبێت و ناتوانن بە ئاسانی موچەکانیان وەربگرن.

دوای گوێگرتن لە داواکاری و گرفتەکانیان، بەڵێنی پاراستنی ماف و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ کورتەباڵایان دراوە، هەروەک بەڵێن دراوە بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو کێشەیان بکرێ، وە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆیان چارەسەر بکرێ.

ئەوان لەوێ جگە لە گرفتی ئامێرەکانی ATM، باسی کێشەی دامەزراندن و دەستگەیشتن بە هەلی کار لە کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکانیان کردووە، کە بەهۆی کورتەباڵاییەوە هەندێک جار لە وەرگرتنیان گرفتیان بۆ دروست دەبێت.