به‌ هۆی به‌فربارینه‌وه‌ یاریی كردنه‌وه‌ی جامی كوردستان دواخرا

964+
ئاسۆ وه‌رتی – سۆران

بڕیار بوو ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ستپێكی جامی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆپی پێ، هه‌ردوو یانه‌ی سنوور و باتیفا له‌ سۆران یاریی بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی به‌فربارین و داپۆشنی یاریگه‌ به‌ به‌فر، یارییه‌كه‌ نه‌كرا و سبه‌ی له‌ شه‌قڵاوه‌ ده‌كرێت.

هه‌ردوو یانه‌ له‌ یاریگه‌ی ئاماده‌بوون، به‌ڵام به‌هۆی به‌فربارینه‌وه‌ یارییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ یانه‌ی باتیفای تووڕه‌ كرد.

نەوزاد عه‌لی راهێنه‌ری یانه‌ی باتیفا بۆ تۆڕی 964 وتی، راسته‌ به‌هۆی خراپی کەشوهەوا و بارینی بەفره‌وه‌ یارییه‌كه‌ نه‌كرا، به‌ڵام تۆرێک غەدریان لە ئێمە کرد، دەکرا زووتر هه‌واڵمان پێبده‌ن، چونکە ئێمه دوو رۆژه ئاماده‌کاری دەکەین، جگه‌ له‌وه‌ی رێگه‌یەکی هەشت کاتژمێریمان بڕیوە تا گه‌یشتووینه‌ سۆران”.

وتیشی “كه‌ هاتووینه‌ ناو یاریگه‌ ئینجا پێمان ده‌ڵێن یارییه‌كه‌ دواخرا، دەبوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان چاودێریی كه‌شوهه‌وایان بكردایه‌، ئێستاش ئێمه چاوەڕێی ئیدارەی یانه‌كه‌مان ده‌كه‌ین بزانین چ بڕیارێک دەدات، ئێمه خه‌رجیی زۆرمان كردووه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ شەفیق زاهیر یاریزانی یانەی سنوور بە تۆڕی 964ی وت، ئەمڕۆ وەک یانەی سنوور هەموو ئامادەکارییه‌کمان کردبوو بۆ ئەنجامدانی یارییه‌کە، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر نەمانتوانی یارییەکە ئەنجام بدەین، ئەمەش له دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو، سه‌رپه‌رشتیار و دەستەی ناوبژیوانان بڕیاریان دا یارییه‌كه‌ نه‌كرێت”.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، به‌ بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، یارییەکە بۆ یاریگه‌ی شه‌قڵاوه‌ گواسترایه‌وه‌ و سبه‌ی كاتژمێر 01:00ی نیوه‌ڕۆ دێته‌ ئه‌نجامدان.

هه‌روه‌ها یانەی باتیفا هه‌ر ئه‌مڕۆ بۆ شەقڵاوە بەڕێکەوتن، تا خۆیان بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.