لە سێیەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی

لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوکان و بازاڕ داخرا

شۆڕش قادری

لە سێیەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن راگەیەنرا و کاسبکاران، دوکان و بازاڕیان داخست.

میدیا خۆجییەکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 16.9.2025 لە شوێنی لەدایکبوونی ژینا، شاری سەقز و دیواندەرە و چەند شارێکی تر دوکان و بازاڕ داخراوە و کاسبکاران نەچوونەتە سەر کارەکانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە شاری سەقز هێزە ئەمنییەکان رێگای چوونەناو گۆڕستانی ئایچیـیان داخستووە و هێزێکی زۆریش لەناو شار بڵاوەی پێکراوە.

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردەکەی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا، سێ رۆژ دواتر و بەشێویەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرا گیانی لەدەستدا.

هەوڵێک هەبوو ئەو کات تەرمەکەی بە بێدەنگی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام کەسوکارەکەی و خەڵک لە گۆڕستانی ئایچی سەقز کۆبوونەوە و هەر لەوێشەوە پڕیشکی ئاگرێکی ناڕەزایی سەریهەڵداو لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەموو کوردستان و ئێرانی گرتەوە و بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوو.

لە خۆپیشاندانەکاندا جگە لە کوژرانی زیاتر لە 500 کەس لە خەڵک و هێزە ئەمنییەکان بە هەزاران کەسیش برینداربوون و راپێچی زیندان کران، کە بەشێکیان تا ئێستاش ئازاد نەکراون.