ساڵیادی رزگارکردنی موسڵە
هێرۆ مەولودی؛ ژنە رۆژنامەوانە بوێرەکە رێزی لێنرا
964+
رێباز خدر – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 15.9.2025، لە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری خانەنشینانی ژنان هەولێر، هەڵسان بە رێزلێنان لە ڕاگەیاندنکاری لێهاتووی ژن، هێرۆ مەولودی، کە هاوکاتە لەگەڵ رزگار کردنی شاری موسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش.
هێرۆ مەولودی، وەکو ژنێکی بوێرو ئازا بەشداربوو لە روماڵی جەنگی لە ساتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ، کە وەکو خۆی دەڵێت، “بۆ یەکەمجار بوو کە دیمەنی راستەوخۆی شەڕ ببینم و بۆ من ئەستەم و مەترسی بوو، بەڵام توانیم زاڵ بم و وە دیمەنی بوێری و ئازایەتی هێزی پێشمەرگە پێشانی هەموو جیهان بدەم”، دەشڵێت، “بیرەوەری ناخۆش و خۆش هەبوو لەم شەڕەدا، خۆشترین بیرەوەری من ناسینی کۆمەڵێک پێشمەرگە بووە کە تاکو ئێستاش ناوەکانیان لە هزر و بیری مندا ماونەتەوە”.
دەزگای میدیایی 964 یش، یەکێکە لەو وێستگە پڕ لە بەرهەم و ئەزموونی میدیایەی ئەم ژنە بوێرە لە ماوەی کاری رۆژنامەوانیەکانیدا، دەڵێت، “ئەو ئەزموونەی لەم دەزگایە فێربووم تاکو ئێستاش بەکاریدەهێنم لە کارە رۆژنامەوانیەکانم دا، تەنانەت لە ژیانی رۆژانەشم سوود لەو ئەزموونە دەبینم کە ماوەی هەشت مانگ کارم کرد لە دەزگای میدیایی 964 “.
هێرۆ مەولودی، لە ساڵی 1984 لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی 2004 ەوە، هاتۆتە هەرێمی کوردستان و لە هەمان ساڵدا دەستی بە کاری رۆژنامەوانی کردووە، لە چەندین دەزگای و کەناڵی میدیایی کاری کردوە و وەکو ژنە میدیاکارێک بەشداری چەندین روماڵی جەنگ و بومەلەرزە و روداوی جیا جیای کردووە و جێ پەنجەی لە نێو میدیایی کوردیدا دیارە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
بەشێک لە کارەکانی هێرۆ مەولودی، لە ماوەی کارکردنی لە 964.