لەسەر کوشتنی دوو مێرمنداڵ کەسێک دەستگیرکرا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
بکوژی دوو مێرمنداڵەکەی سنونێ لەلایەن پۆلیسی شنگال دەستگیرکرا، پۆلیس دەڵێ، هۆکارەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.
دەوروبەری کاتژمێر 3ـی دوای نیوەرۆی ئەمرۆ 25.2.2023، لە سنووری ناحیەی سنونێ بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن دوو مێرمنداڵ لەکاتی شوانیدا کوژران، دوای چەند کاتژمێرێک کەسێک لەسەر رووداوکە لەلایەن پولیسی شنگال دەستگیرکرا.
دوو مێرمنداڵە کوژراوەکە ئامۆزای یەکترن و بکوژیش دەستگیر کراوە
خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بە توڕی964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو مێرمنداڵ کە تەمەنیان 14 و 15 ساڵی بوون و شوانی مەڕوماڵات بوون، لەلایەن کەسێکەوە کوژراوە، ئەو دوو کەسەی کوژراون خەڵکی کۆمەڵگای خانەسۆری سەر بە ناحیەی سنونێنە.
هیشام کە تەمەنی 14 ساڵانە و ناجی تەمەنی 15 ساڵانە، ئەو دوو مێرمنداڵەن کە کوژراون و ئامۆزای یەکترن.
خودێدا چوکی، ئەوەشی روونکردەوە کە بەپێی زانیاریەکانی پۆلیس هۆکاری کوژرانی ئەو دوو مێرمنداڵە دەگەرێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە پێشتر بنەماڵەی بکوژ و کوژراوەکان کێشەیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە، دوای بەدواداچونێکی وورد لەلایەن پولیسی شنگال توانیان کەسێک دەستگیربکەن کە دەستی هەبوو لە کوشتنی ئەو دوو مێرمنداڵە.
خودێدا چوکی وتیشی “پەراوی لێکوڵینەوە لەسەر رووداوکە لەلایەن پولیسەوە کراوەتەوە و فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ تاوانبارانی رووداوەکە دەرچووە”.
ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوایە.