"زۆربەی رووداوەكان دوای دەوام روودەدەن"
“تەواوی رێگاکانی گەرمیان دەکرێتە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بە قسەی بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی گەرمیان هەموو رێگاكەیان ئیدارەكەیان دەكرێتە كامێرای خاڵ بۆ خاڵ، دەشڵێت زۆربەی رووداوەكانی هاتوچۆ لە دوای دەوام و شەوان روودەدەن.
ساڵی رابردوو رێگای کەلار بۆ کفری تەواوکرا و بووە دوو ساید، ئەمساڵیش رێگای کەلار – دەربەندیخان بووە بە دوو ساید و وەك بەڕێوەبەری هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت، رێگاكە چیتر رێگای مەرگ نییە.
عەمید موحسین مەنسوور، بە 964ى وت،”ئەو کۆمپانیایەی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنێت، ھاتوون و قسەمان لەگەڵ کردوون و کەشفی تەواوی رێگای کەلار -کفری و کەلار – دەربەندیخانیان کردووە بۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ”.
“کۆمپانیاکە پێیان وتووین لە رێگای کفرییەوە دەستدەکەن بە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، تا دەگاتە قەزای دەربەندیخان، لەوانەیە دوای تەواوبوونی کارەکانی رێگای وارماوە بێنە گەرمیان”، موحسین مەنسور وای وت.
لە رێگای کفرییەوە دەستدەکەن بە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، تا دەگاتە قەزای دەربەندیخان
لەبارەی ئەوەی ئەگەرچی رێگاکان بوون بە دوو ساید بەڵام رووداوی ھاتوچۆ رۆژانە لەوێدا روودەدەن، ئاماژەی بەوەکرد، “رێگای کەلار بۆ دەربەندیخان بووە بە رێگایەکی تەخت و خۆش و چیتر رێگای مەرگ نییە، بەڵام بەشێک لە شۆفێران کە دێنە سەر شەقام وادەزانن شەقامەکەشیان کڕیوە و دەبنە ھۆی روودانی رووداوی ھاتوچۆ”.
زۆربەی رێگاکانی ناو شاری کەلار بوون بە دووساید، بەڵام رۆژانە چەندین رووداوی ھاتوچۆ روودەدەن، عەمید موحسین مەنسوور، وتیشی، “ھۆکاری رووداوەکانی ناوشار زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلە، داواکارم لە وەزارەتی ناوخۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کۆنن لەناویان بدەن و قەرەبووی خاوەنەکانیان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل کەمببێتەوە لەسەر شەقامەکان، كە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتوچۆش”.
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی گەرمیان لە كاتێكدایە وەزیری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی هەرێم ئەمڕۆ لە گەرمیان بوو، باسی لە دروستكردنی پرد و تۆنێل و چەند پڕۆژەیەكی رێگاوبان كرد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا