دیمەنی زانکۆی گەرمیان وێنە: سۆشیاڵ میدیا
کشتوکاڵ و ئەندازیاری تەلارسازی
دوو بەشی نوێ لە زانکۆی گەرمیان کرانەوە
توانا نەقی
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رەزامەندی دەربڕی لەسەر کردنەوەی دووبەشی نوێ لە زانکۆی گەرمیان بۆ ئەمساڵی خوێندن.
زانکۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، هەریەکە لە بەشەکانی گەشتوکاڵ و ئەندازیاری تەلارسازی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بۆ ساڵی خوێندنی 025 – 2026 کرایەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بە دوو نوسراوی جیا رەزامەندی لەسەر کردنەوەی هەردوو بەشەکە دەربڕی.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی گەشتوکاڵ، بۆ یەکەمجارە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە و تێکەڵەیەکە لەنێوان هەردوو پسپۆڕی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و بەشێکی سەردەمیانەی گرنگە.
زانکۆکە ئەوەی باسکردووە، لە ماوەی رابردوو پرۆپۆزڵی کردنەوەی 10 بەشی زانستیی نوێ ئامادەکرا و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرزکرایەوە، دواتر کردنەوەی بەشەکانی ( زانستە گشتییەکان لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، خۆراک و خۆراکزانی لە کۆلێجی زانست، ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، پەرپێدان و پلاندانانی شار، سیستمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی) بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026 پەسەندکرا.
ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە هیچ بەشێکی زانستی لە زانکۆی گەرمیان نەکراوەتەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی خوێندنیش لەسەر ژمارەیەک لە بەشەکان، ژمارەی خوێندکارانی زانکۆکە بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر رانکی زانکۆ و گەشەکردنی ھەبووە، زانکۆی گەرمیان وادەڵێت.