پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك وەستاوە

پسولەی خۆراکی هەولێر هاوڵاتیانی پایتەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکەیان دڵنیا دەکاتەوە

محەمەد فاتیح

زۆرن ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان كێشەیان هەبوو، لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك و بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێريش دڵنیایی دەدات، كە هەر هەمووی چارەسەر دەكرێن.

لەكاتی پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك، كێشەی جۆراوجۆر رووبەڕووی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بوونەوە، وەك كێشەی خێزانی، ئەوانەی جیابوونەتەوە و كێشەی ئەوانەی روخساریان گۆڕاوە و نەخوێندراوەتەوە، بەهۆی جوانكاری و نەخۆشییەوە و كێشەی ئەوانەی خۆیان بەهەڵە سڕیوەتەوە.

سیامەند نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر، رێكارەكانی بۆ 964 ئاشكرا كرد و دەڵێت، ئێمە بەنووسراو هەموو ئەو كێشانەمان رەوانەی بەغدا كردووە و ئەوانیش ئیشی لەسەر دەكەن و نامە بۆ ئەو كەسانە دەنێرن، كە كێشەیان هەبووە لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی فۆڕمی خۆراك و دەیانخەنەوە نێو پڕۆگرامەكە بۆ چارەسەركردنی.

وتيشى، بەشێك لەوانەی كێشەیان هەبوو نامەیان بۆ هاتووە و تەنها بەشێكیان ماوە، دڵنیاییش دەدەین بەو هاوڵاتییانەی كێشەیان هەبووە لە پڕكردنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك، هەرهەمووی چارەسەر دەبێت.