رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە؛ ئیرنا
بەهای تمەن بەرزبووەوە
ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێککەوتن
شۆڕش قادری
ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێککەوتن و دوای رێککەوتنەکەش دەستبەجێ بەهای تمەن بەرزبووەوە.
لە دوێنێەوە هەردوو تیمی دانوستانکاری ئێران و ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وەزەی ئەتۆم لە قاهیرەی پایتەختی میسر سەرقاڵی وتووێژ و دانوستانن، ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەبارەت بە شێوازی تەعامول کردن لەگەڵ بارودۆخی نوێ و دەرەنجامەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانیان رێککەوتوون.
هاوکات رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر ئەنجامدانی بڕیاری کرداری بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکی چاودێرانیان لە ئێران رێککەوتوون و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە یەکەسەر بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی کوردستان بەرزبووەوە، کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “لە ئێستادا 100 دۆلاری ئەمریکی بە نۆ ملیۆن تمەن مامەڵە دەکرێت بە نەختی و بە حەواڵەش بە نۆ ملیۆن و 700 هەزار تمەنە، لە کاتێکدا دوێنێ و پێرێ هەر دۆلارێک زیاتر لە 100 هەزار تمەنی دەکرد واتە، 100 دۆلار بە زیاتر لە 10 ملیۆن تمەن مامەڵە دەکرا.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شەوی 12 لەسەر 13ـی مانگی 6ـی ئەمساڵ، تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە تاران کشانەوە و هیچ چاودێرییەکیان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نەمابوو.