تا هەتاهەتا دوورخراوەتەوە

كارۆخ ساڵح: له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رگری له‌ خۆم ده‌كه‌م

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
كارۆخ ساڵح راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕه‌پان و مه‌یدانه‌وه‌ به‌ توندی سزا درا و تا هه‌تاهه‌تایه‌ راگیرا، ئه‌ویش ده‌ڵێت، بڕیاره‌كه‌ كۆتایی نییه‌ و له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رگری له‌ خۆم ده‌كه‌م.
یه‌كه‌ی ده‌ستپاكی له‌ فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، دواجار بڕیاریدا به‌ راگرتنی كارۆخ ساڵح راهێنه‌ری كوردی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ هه‌تاهه‌تایه‌، هه‌روه‌ها كچه‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دانه‌ حوسێن، كه‌ له‌ لایه‌ن كارۆخه‌وه‌ مه‌شقی پێده‌كرا، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ به‌ راگرتن سزادرا.
بڕیاره‌كانی فیدراسیۆنه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، یاریزانه‌كه‌ و راهێنه‌ره‌كه‌ی به‌ به‌كارهێنانی ماده‌ی وزه‌به‌خشی قه‌ده‌غه‌كراو تاوانبار كران.
كارۆخ ساڵح به‌ تۆڕی 964ی راگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی به‌ ئیمه‌یل پێگه‌یشتووه‌ و خه‌ریكه‌ ئاماده‌كاری بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆی ده‌كات.
وتیشی “ئه‌مه‌ بڕیاری كۆتایی نییه‌ و مافی ئه‌وه‌یان پێداوم له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی وه‌رزشی به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م”.
كارۆخ وتی  “زۆر شت هه‌یه‌ نامه‌وێت له‌ میدیا باسی بكه‌م، چونكه‌ ورد و تایبه‌تن، به‌ڵام من هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م سزاكه‌م لاببه‌م، جگه‌ له‌وه‌ سزای دوورخستنه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی له‌م زووانه‌ له‌ فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕه‌پان و مه‌یدان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و نامێنێت”.
ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ میدیا عێراقییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، ئه‌و بڕیارانه‌ به‌ نهێنیی به‌ فیدراسیۆنی عێراق دراون و نابێت بێنه‌ بڵاوكردنه‌وه‌.
كارۆخ ساڵح وتی: “لیژنه‌ی ئۆڵمپی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی نابه‌رپرسانه‌ له‌ پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵانه‌ن، چونكه‌ هه‌ر من و دانه‌ حوسێن سزا نه‌دراوین، یاریزانی دیكه‌ش هه‌ن سزادراون، یه‌كێك له‌وانه‌ “یاریزان فه‌لاح” به‌ڵام باس ناكرێت و زیاتر باسی ئێمه‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئامانجێكی له‌ پشته‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌سایه‌تیمان بده‌ن”.
دانه‌ حوسێن كچه‌ یاریزانی عێراقی، كه‌ له‌ دایكبووی 1986ـه‌، به‌هۆی به‌كارهێنانی ماده‌ی وزه‌به‌خشی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ جۆره‌كانی “كلینپۆتیرۆل و ستانۆزۆلۆل” له‌ 17-7-2021 سزای راگرتنی بۆ چوار ساڵ بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام به‌هۆی هاوكاریكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ و داننان به‌ راستییه‌كان، سزاكه‌ی شه‌ش مانگ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.
كارۆخ ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،  دانه‌ حوسێن له‌ سه‌ره‌تای 2024 ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ یاریگاكان.
كارۆخ ساڵح خه‌ڵكی هه‌ولێره‌ و له‌ ساڵی 2009 تا ساڵی 2021 راهێنه‌ری هه‌ڵبژاده‌ی عێراق بووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و راهێنه‌رانی له‌ ئاستی كوردستان و عێراق ناسراوه‌ و مه‌شق و راهێنانی به‌ ده‌یان یاریزان كردووه‌.