هێرشەکەى قەتەر

هەواڵى دژ بەیەک هەیە؛ سەرکردەکانى حەماس رزگاریان بووە

وریا فەتاح

تا ئەمکاتە، هەواڵى دژبەیەک هەیە لەبارەى هێرشەکەى قەتەر، دوو سەرچاوە لە بزووتنەوەی حەماسەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە بۆ گفتوگۆکانی ئاگربەست لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لە هێرشێکی ئیسرائیل رزگاریان بووە، میدیاکانى ئیسرائیلیش لە زارى بەرپرسانى ئەو وڵاتە، کوژرانى دوو سەرکردەى حەماسیان راگەیاندووە.

هاوکات میدیاکانی قەتەریش بڵاویانکردەوە کە شاندی حەماس لە هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنیان لە دەوحە، رزگاریان بووە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی “ئیسرائیل ھەیۆم” ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکردەی دیاری بزووتنەوەکە، خالید مشعەل، لە کاتی هێرشەکەدا لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە نەبووە.

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و وردەکارییەکانی بڵاوکردەوە، لەراگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە، هاتووە کە سوپا و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) “پێش ماوەیەکی کەم لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە هێرشێکی وردی ئاراستەکراویان کردە سەر سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس.”

“ئەو سەرکردانەی حەماس کە کرانە ئامانج، بە درێژایی ساڵان چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارێتی راستەوخۆیان لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل لە ئەستۆدایە”. یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکان خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەکە بووە لە کەرتی غەززە.

وڵاتی قەتەر کە نێوەندگیری لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات، بە توندی ئیدانەیهێرشەکەى ئیسرائیلی کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانی لە قەڵەمدا..

ئەوەى تائێستا هەیە، لە دەوحەى پایتەختى قەتەر، کۆبوونەوەیەکى باڵاى حەماس بە ئامانجگیراوە، بەرپرسانى ئیسرائیل بە میدیاکانى وڵاتەکەیان وتووە، خەلیل حەییە و زاهر جەبارین و چەند سەرکردەیەکى ترى حەماس، بە ئامانجگیراون و کوژراون.