شەش ساڵ لەمەوبەر ویستیان لە کۆریای باکوور چی بکەن؟

کۆماندۆی مەرگ.. مەترسیدارترین تیمی کوشتن لە مێژوودا

ژووری هەواڵ

ئێستا ناوی ئەم تیمە بە چڕی باس دەکرێت، چونکە شەش ساڵ لەمەوبەر بۆ کارێک راسپێردراون کە ئەگەر ئاشکرا بوونایە هەموویان پارچە پارچە دەکران و دەرگای شەڕێکی ئەتۆمیان دەکردەوە.

لە شەوێکی تاریک و نوتەکی ساڵی 2019 دەستەیەکی راهێنراوی کۆماندۆی مەرگی ئەمەریکی بە ژێردەریاییەکی ئەتۆمی لە کەناراوەکانی کۆریای باکوور نزیک بوونەتەوە، دواتر بە دوو ژێردەریایی بچووک تەواو لە کەنارەوە بەردەڵانەکە نزیک بوونەتەوە، ئەو کاتە پلەی گەرمای ئاوەکە چوار پلەی سەدی بووە و جلوبەرگ و چەکی تایبەتیان پێ بووە.

ئۆپەراسیۆنەکە نیمچە خۆکوژی بووە، چونکە ئەگەر ئاشکرا ببوونایە رووبەرووی قورسترین سزا دەبوونەوە.

هەموو شتێک بە باشی دەڕوات، بەڵام کاتێک تیمەکە دەگەنە شوێنی مەقسەد، بە رێکەوت سێ راوچی لەو شەوە تاریکەدا خەریکی راوەماسی بوون و دەیانبینن.

تیمە ئەمەریکییەکە دەستبەجێ هەر سێ راوچییەکەیان کوشتووە و سییەکانیان کون کردوون و بەستوویاننەتەوە بۆ ئەوەی سەرئاو نەکەون، بەڵام ئیتر زانیویانە ئۆپەراسیۆنەکە کەوتووەتە مەترسییەوە، بۆیە کشاونەتەوە.

هێشتا ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە نازاندرێت، چونکە بەشێک دەڵێن ئەمانە چوون ئامێری چاودێری دابنێن بۆ ئاگالێبوون لە پەیوەندییەکانی سەرۆکی کۆریای باکوور، هەندێکی دیکەش دەڵێن ویستویانە کیم جۆنگ ئوو بکوژن، بە تایبەتی کە ئەمە هەمان ئەو تیمەن کە بن لادنیان کوشتووە.

ئەم زانیارییانە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوەو دەڵێت بە فەرمانی ترەمپ ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا وتی ئاگام لێ نییە.