تەرزە تەختی کردوون
“کشتوکاڵ و باخچەکانی رانیە هیچیان بۆ دەرنەچووە”
964+
فەرمان مەلاحەسەن – رانیە
ئەو تەرزە و بارانە بەخوڕەکەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی لە رۆژانی رابردوو گرتەوە، زیانی زۆری بە کشتوکاڵی رانیە گەیاندووە و بە قسەی چەند جوتیارێک، هیچیان بۆ دەرنەچووە و ئەم وەرزەیان بێ بەرهەم دەبێت.
مەولان پیرۆت یەکێک لە جوتیارەکانی رانیەیە و بە 964ی راگەیاند، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و هەرچی هەیانبوو لافاو بردوویەتی.
دەشڵێت، شتێکی ئەوتۆ نەماوە دڵیان پێی خۆش بێت.
هەروەها سەردار حەسەن، جوتیارێکی دیکەی دەڤەرەکەیە و دەڵێت، نزیکەی 200 جوتیار زیانیان بەرکەوتووە و هەریەکەی بە جۆرێک.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا لایەنی پەیوەندیدار سەردانیان نەکردوون و کەس لێی نەپرسیون.
سەردار ئاماژەی بەوە کرد، 5 دۆنم سەوزە و 7 دۆنم گەنمی خراپ بووە بەهۆی تەرزە و لافاوەوە، “تەواوی بەرهەمەکەم لە ناوچووە و بژێوی ژیانم لە سەر ئەو سەوزەیە بوو، تازەش ناتوانم جارێکی دیکە زەوییەکە دابچێنمەوە، چونکە کاتەکەی درەنگە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا