كێ رێگەی گرتوون؟
خەڵکی دەڤەری نهێلێ داوا دەکەن رێگای گوندەکانیان بکرێتەوە و سەر لە باخەكانیان بدەن
هیڤی دێوالی-دهۆک
خەڵکی دەڤەری نهێلێ داوا لایەن پەیوەندیدار دەکەن رێگەی 13 گوندەکەیان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سەردانی رەز و باخ و ماڵەکانی خۆیان بکەنەوە، كە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكە و شەڕی توركیا و پەكەكە ماوەیەكی زۆرە ناتوانن سەردانی گوندەكانیان بكەن.
دەڤەری نهێلێ، دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی، بەناوبانگە بە دارەکانی قەزوان، مازوو، گوێژ، گوێز، سماق و بەڕوو، نزیکەی چوار ساڵە بە تەواوی بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە رێگەی 13 گوندی دەڤەرەكە داخراوە، گوندەكانیش بریتیین لە” رەشاڤە ، بەرچی ، سەرگەلی کۆن ، کورکو، بناڤی، درگنی، سێری، سگێری، بلاڤە، گوهەرزی کۆن، زێوە، دێری، زلیێ”، كە بە هیچ شێوەیەک خەڵکی دەڤەرەکە ناتوانن سەردانی گوندەکانی خۆیان بکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیویانەی بۆ 964ـیان ناردووە، تەنیا خەڵکی دەڤەرەکە لە دوورەوە دەتوانن سەردانی رەز و باخەکانی خۆیان بکەنەوە.
ئەحمەد سەعدوڵا، یەکێکە لە موختارەکانی دەڤەری نهێلێ، لە گوندی گوهەرز بە 964ـی وت، “داوا دەکەین وەک دەڤەری بەرگارە رێگە بە خەڵکی دەڤەرەکەی ئێمەش بدرێت “بچنە ناو گوندەکانی خۆیان و سەردانی رەز و باخەکانی خۆیان بکەنەوە.
وتیشی، پێش چەند هەفتەیەک نزیکەی 42 کەس پێکەوە چووینە گوندی گوهەرزێی کۆن، بەڵام سوپای تورکیا رێگری لێمان کرد و نزیکەی دوو کاتژمێر رێگەمان نەدرا بگەڕێینەوە و پێیان وتین نابێت سەردانی ئێرە بکەن، چونکە شوێنی سەربازیی خۆیانە و لەوێ هێزەکانیان جێگیرکراون.
ساڵح نهێلی، جوتیارێکی دەڤەری نهێلێیە، بە 964ـی وت، “لە ساڵانی 2020-2021 سەردانی گوندەکانی خۆمان کردووە و لەو کاتەوە بە هیچ شێوەیەک رێگە پێمان نەدراوە سەردانی باخ و رەزەکانی خۆمان بکەین، زۆربەی خەڵکی دەڤەرەکە بژێوەی ژیانیان لەسەر بەرهەمی رەز و باخەکانیانە و چەندین ساڵە بەرهەمەکەنمان لە رەز و باخەکان لێ نەکردووەتەوە”.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، نزیکەی مانگێکە رۆژانە بۆ ماوەی 12 كاتژمێر رێگە بە هاوڵاتیانی دەڤەری بەرگارە دەدرێت سەردانی ماڵ و رەز و باخەکانی خۆیان بکەنەوە، بەڵام دەڤەری نهێلێ بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و هەبوونی سوپای تورکیا و بارەگای سەربازییان لەوێ، هەروەها بوونی هێزەكانی پەکەکە لە نزیک ئەو شاخ و گردانە، بە زەحمەت دەتوانرێت رێگە بە خەڵکی گوندەکانی دەڤەری نهێلی بدرێت سەردانی گوندەكانیان بكەن.
روونیشیکردەوە، لەهەوڵدان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات ئەو گوند و رێگایانەی چەندین ساڵە بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە چوڵکراون، بکرێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا