له‌یه‌كشه‌ممه‌وه‌ پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران خەرجدەكرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌قسه‌ى بەرپرسێکی وه‌زاره‌تى بازرگانى هه‌رێم، هەفتەی داهاتوو، پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەكرێت و بۆ ئه‌مه‌ش وردەكاریی خەرجكردنی ئه‌و پارەیه‌ بۆ جوتیاران ئاشکرا دەكات.

پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم كه‌ لاى حكومه‌تى عێراقی مابوو، ته‌نیا شایسته ‌داراییه‌كانى هه‌ردوو ساڵى 2015 و 2016 بوو، هه‌فته‌ى رابردووش چه‌كى ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ به‌غدا راده‌ستى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌ت كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، لەکۆبونەوەی رۆژى 7ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەکۆی دەنگ بڕیارید بەخەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2015 و 2016، كەبڕەکەی 272 ملیار و 26 ملیۆن دینارە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، ئه‌وه‌ی بۆ تۆڕى964، دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ چەكی پارەی شایستەی دارایی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2015 و 2016 گەیشتووە و وتیشی “یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو هەوڵدەدەین خەرجی بكەین.”

به‌پێی پلانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بازرگانى هه‌رێم بێت سه‌ره‌تا شایسته‌ داراییه‌كانى ساڵى 2015 خه‌رج ده‌كرێت، پاشانیش ئەوەی 2016 دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ كامیل، ئاشكراشيكرد شایسته‌ داراییه‌كانى ساڵى 2015 بڕەکەی 139 ملیار و 678 ملیۆن دینارە، بۆ كۆى گشتی پاره‌ى هه‌ردوو ساڵه‌كه‌ش، 70 هەزار چەك دەكرێت و جوتیاران له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پارەی خۆیان وەردەگرن.

تۆڕى964 ده‌زانێت، دوای چەندین ساڵ لە راگرتنی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015، 2016ـی جوتیارانی هەرێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، دواجار بڕیاریدا نیوەی ئه‌و پارەیە، كه‌ ده‌یكرده‌ 268 ملیار دینار خەرج بكرێت، ئه‌وه‌بوو یه‌كه‌مین خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ له‌رۆژی 1ـی ئاداری 2021 بوو كه‌ كرایه‌ چەك و دواتر پارەكە خەرجكرا.