بارانەکەی گەرمیان بۆ جوتیارانی سنوورەکە دڵخۆشکەر بوو

964+

هونەر فارس – گەرمیان

+ڤیدیۆ

بارانی ئەم چەند هەفتەیەی رابردووی گەرمیان بۆ جوتیارانی سنوورەکە دڵخۆشکەر بوو، زۆربەیان هەر زوو دەستیان کرد بە کێڵانی زەوییەکانیان، کشتوکاڵی گەرمیانیش خەمی جوتیارانی رەواندەوە و دەڵێت لە سنوورەکە پەڵەی تەواوەتی داوە.

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964+ی راگەیاند، “لە گەرمیان پەڵەی تەواوەتی داوە و ئەو گرفتەمان تێپەڕاندووە”.

بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمساڵ بەرهەمی جوتیاران ئاودارتر دەبێت و ئەو رێژەیە لە باران کە باریوە بەسە بۆ چرۆکردنی ئەو تۆوەی کە وەشێندراوە، ئەوەشی کە تۆوی نەکردبێت دوای ئەم بارانە دەست بە جوتکردن و چاندنی دانەوێڵەکەی دەکات.

بەپێی ئاماری هۆبەی کەشناسی کشتوکاڵی گەرمیان، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە ناوچەی مەیدان بووە کە ٧٨ ملیم و کەمترینی لە قەزای خانەقین بووە کە ٤٣ ملیم بارانە.

لە گەرمیان ملیۆنێک و ٤٣٣ هەزار دۆنم زەوی دێم هەیە کە بۆ کشتوکاڵ پشت بە بڕی بارانبارین دەبەستن.

شادیە حسێن دەڵێت، نەتواندراوە بە شێوەی پێویست سود لەو بارانە وەربگیرێت کە لە سنورەکەدا دەبارێت و نیگەرانیشە لە تەواونەکردنی بەنداوی باوەنور و پێیوایە بە تەواوبوونی ئەو بەنداوە زەویەکی زۆر لە گەرمیاندا بەراو دەبن.

بۆ تێپەڕاندنی وشکەساڵی، گەرمیان ساڵانە پێویستی بە بارینی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ملیم باران هەیە، کە لە سەرەتای وەرز و ناوەڕاست و کۆتایی وەرزی زستاندا ببارێت، کشتوکاڵی گەرمیانیش پێشبینی ئەوە دەکات سنوری گەرمیان ئەمساڵ لە گرفتی وشکەساڵی رزگاری ببێت.