دیمەنێك لە كۆچبەرەكان لە نێوان سنوری توركیا و یۆنان. وێنە: رۆیتەرز
رێکاری نوێیە
هەر کۆچبەریک بچێتە یۆنان دوو بۆ پێنج ساڵ بەند دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
لە ئەمڕۆوە هەر کەسێک بە نایاسایی بچێتەوە یۆنانەوە، روبەڕوی ئەم رێکارە دەبێتەوە، دوو بۆ پێنج ساڵ بەندکردن و پێنج هەزار یۆرۆش غرامە دەکرێ، ئەمە قسەی پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپایە بۆ 964.
ئەو نوێنەرە ئەوەشی بە 964 وت، ئەمە رێکارێکی نوێیە و ئەگەر هاتوو داوای مافی پاراستنی نێودەوڵەتی کەسەکەش رەتبکرێتەوە، یەک رێگا لە پێش کۆچبەرەکە دەمێنێتەوە، ئەویش گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام شەپۆلی دەریا ئامان و زەمانی نییە تا کۆتایی مانگی ئاب، کۆچبەرەکان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەشتن بە سنووری جوگرافی یەکێتی ئەوروپا.
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتوونەتە کریت و گاڤدۆس لە یۆنان، لەکاتێکدا لە سەرجەم ساڵی 2024دا، چوار هەزار و 935 کۆچبەر گەیشتوونەتە سەر کریت و گاڤدۆس، تەنیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا دوو هەزار و 550 حاڵەتی هاتنی گەشتیاران تۆمارکراوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، رێژەی کۆچکردن بۆ کەناراوەکانی باشووری کریت بە ڕێژەی 350% زیادیکردووە.
دەریای ناوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا، لە ساڵی 2024، 672 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 15 کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023، 962 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 539 کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.