کچانی سەنحاریب

لە پاڵەوانیەتیی ناوخۆییەوە بۆ سیمبولی بەهێزی ژنانی کورد

964+

ژێوار خدر

تیپی بالەی کچانی یانەی سەنحاریب، ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە دیاردە و قسەوباسی گەرم، ئەمەش بەهۆی دەستکەوتە وەرزشییەکانیان و ئەو شێوازە سەرنجڕاکێشەی خۆیان پێ نمایش دەکەن، سەرکەوتنەکانی ئەم کچانە تەنیا لە یاریگادا نەماوەتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی قوڵیان لەسەر هاندەرانی بالە و تەنانەت کۆمەڵگەی کوردیش دروستکردووە.

کچانی سەنحاریب، کە یانەیەکی چالاکن لە پارێزگای دهۆک، توانیویانە لە پاڵەوانیەتییەکانی بالەدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و نازناوی گرنگ بەدەستبهێنن، ئەم دەستکەوتانە وایکردووە ستایشی جوانی، لێهاتوویی و بەهێزییان بکرێت، ئەوان نەک تەنیا وەک وەرزشکارێکی سەرکەوتوو، بەڵکو وەک نموونەیەکی بەهێزی ژنان و ڕچەشکێنێک بۆ تواناکانی کچانی کورد سەیر دەکرێن.

شێوازی ئاهەنگگێڕان و ئەو جوڵە پڕ لە متمانە و وزەیەی لە دوای هەر سەرکەوتنێک نیشانی دەدەن، هاوشێوەی یانە وەرزشییە پێشکەوتووەکانی جیهانە، ئەم شێوازە مۆدێرنە و پڕ لە وزەیە، وایکردووە بە خێرایی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوببێتەوە و ببێتە سەرنجی هەزاران کەس، هاندەران بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی، سەرسامی تواناکانیانن و وەک ئیلهامبەخشێک سەیریان دەکەن.

ئێستا، کچانی سەنحاریب تەنیا یانەیەکی بالە نین، بەڵکو بوونەتە سیمبولێک بۆ سەرکەوتن و نیشاندانی تواناکانی ژنانی کورد، ئەوان بەو پەیامە گەیشتوون کە ژنانی کورد لە هیچ روویەکەوە کەمتر نین لە هاوتاکانیان لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەم کاریگەرییە ئەرێنییەی ئەوان وایکردووە، کۆمەڵگەش زیاتر پشتیوانی لە وەرزشی ژنان بکات و وەک پاڵپشتێک بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا سەیر بکرێت.

ئەکاد پاڵەوانی بالەی کچانی عێراقە

ئەکاد پاڵەوانی بالەی کچانی عێراقە