120 هاوڵاتی هەرێم لە بەغدا چارەسەریان وەرگرتووە

گەورەترین هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێم دەستپێدەكات

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رێكخراوی نەقاهە هەڵمەتێكی بەناوی “عێراقێكی داماڵراو لە ماددە هۆشبەرەكان” دەستپێكرد، سەرۆكی رێكخراوەكە تایبەت بە 964ـی وت: گەورەترین هەڵمەتی هۆشیاریش لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكەین.

ئیناس كەریم، دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی نەقاهە بۆ چارەسەركردنی ئالوودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان، بۆ 964 ئاشكرایكرد، چالاكییەكانمان لە ماوەی داهاتوودا، لە هەرێمی كوردستان، بە پلەی یەكەم هۆشیاركردنەوەیە و هەماهەنگیمان لەگەڵ زیاتر لە رێكخراوێك كردووە، كە تایبەتن بە بوارەكانی مافی مرۆڤ و هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە لە قوتابخانە و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكەین.

دەشڵێت، ئەم هەڵمەتەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەین، سەر شەقامەكانیش دەگرێتەوە و گەورەترین هەڵمەت دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم، بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك، بەتایبەت گەنجان لە ماددە هۆشبەرەكان.

رێژەی ئالودەبووان لە هەرێم زۆر بەرزە

“بەداخەوە رێژەی ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرزە و لە ماوەی ئەمساڵدا 2025، لە ناوەندێكی حكومی تایبەت بە چارەسەركردنی ئالودەبووان لە بەغدا، 120 ئالودەبووانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانمان چارەسەر كردووە ” ئیناس كەریم واى وت.

بەگوێرەی قسەكانی ئیناس كەریم:

-هەماهەنگییەكی زۆر باش لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە، بۆ دەستگیركردنی تۆڕەگانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان.

-پێویستە لە هەرێمی كوردستان، بەلای كەمەوە چوار رێكخراوی تایبەت بە بواری ماددە هۆشبەرەكان بوونیان هەبێت.

– زۆر گرنگە ئەو رێكخراوانە كار لەسەر بواری هۆشیاركردنەوە و دانانی یاساكان و چارەسەركردنی ئالودەبووان بكەن.

-هەرێم لەم بوارەدا زۆر لاوازە و پێویستیان بە كارێكی زۆر بەهێزە بۆ ئەم مەبەستە.

-هەماهەنگیم لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە ئالودەبووان و لە گفتوگۆداین بۆ ئەو بابەتە.