تای خوێنبەربوون سەریهەڵداوەتەوە

ڤێتەرنەری دهۆک هەڵمەتێکی بۆ پشکنین و کۆتانی مەڕ و ماڵات دەستپێکرد

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ڤێتەرنەری دهۆک هەڵمەتێکی بۆ پشکنین و کۆتانی مەڕ و ماڵاتی سنوورەکە دەستپێکرد.

د.عادل ئەنوەر بەرپرسی هوبەی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری دهۆک بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە  1.9.2025 بە 19 تیم هەڵمەتێکمان بۆ پشکنین و بەسەرکردنەوەی هەموو ئەو شوێن و پڕۆژانە دەستپێکردووە کە ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەخێو دەکەن، هەڵمەتەکەش تا 45 رۆژی تر بەردەوام دەبێت”.

“لە هەر شوێنێک پێویست بکات، کوتان بۆ ئاژەڵەکان دەکەین و رێنمایی پێویستیش دەدرێت بە خاوەن ئاژەڵەکان”، د. عادل وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا لە 27 گوندی سنووری قەزای سێمێل کە کەرەنتین کراون، دەستیان پێکردووە و دواتر دەچنە ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دهۆک.

عادل ئەنوەر ئاشکراشیکرد، لە قەزای سێمێل پشکنین بۆ چەند کەسێک کراوە کە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونیان لەسەر بووە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن.

لە 10 رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە قەزای سێمێل تۆمار کران کە یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو و گیانی لەدەستدا، ئەوەی دیکەش خەڵکی قەزای شەنگالە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک لەژێر چاودێری پزیشکدایە، هەردووکیان گۆشتفرۆش بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری