درۆنێک و ئاڵاى ئۆکرانیا
"پەیوەندیمان پێوە نییە"
باڵیۆزخانەى ئۆکرانیا لەسەر رووداوەکانى لالەزار هاتە دەنگ
964+
وریا فەتاح
باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لەعێراق بە توندی رەتى دەکاتەوە کە گوایە لایەنى ئۆکرانی دەستی هەیە لە ئامادەکردن یان مەشقپێکردنی ئەو کەسانەی کە کاری نایاسایی لەسەر خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدەن، دەشڵێت: راپۆرتەکان هەندێک لە دەزگاکانى راگەیاندن لەو بارەیەوە ناڕاستن.
لە راگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، باڵیۆزخانەکە بە روونی ئاماژەی بەوەداوە: “ئۆکرانیا هەرگیز هیچ چالاکییەکی پەیوەندیدار بە مەشقپێکردنی چەکدار یان بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەکەمان ئەنجام نەداوە و ئەنجام نادات.”
باڵیۆزخانەکە، راپۆرتەکان بە “زانیاری ناڕاست و بێ بنەما” وەسف دەکات و دەڵێت: بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە ناڕاستانە بە “هەوڵێک بۆ لەکەدارکردنی ئۆکرانیا و سەرکردایەتییەکەی” دەزانێت.
هەروەها داوا لە نوێنەرانی راگەیاندن دەکات تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمی و پشتڕاستکراوەکان ببەستن و خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و راپۆرتی پشتڕاستنەکراو.
ئەو راگەیەندراوە لە کاتێدایە، لە رووداوەکانى لالەزاردا و بەپێى دانپێدانانى تۆمەتباران کە لە دەزگا میدیاییەکان بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتباران دەڵێن، لە ئۆکرانیا راهێنانیان پێکراوە لەبارەى بەکارهێنانى درۆنى خۆکوژى.