لە داخی کوشتنی دکتۆرێک نۆرینگەکانیان داخست

964+
راژان ماجید

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێکی بەرچاو لە پزیشکان و دەرمانخانەکانی شاری بەعقوبە لە پارێزگای دیالە بایکۆتیان کرد و نۆرینگەکانیان نەکردەوە، بەهۆی ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، دکتۆر ئەحمەد تەڵال لەو شارە کوژرا.

ئەو دکتۆرە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین دکتۆرەکانی بەعقوبە و پارێزگای دیالە.

سەندیكای دەرمانسازان و سەندیكای پزیشكانی دیالە ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئاگاداری سەرجەم ئەندامانی کردەوە كە دەرگای نۆرینگەکانیان دابخەن تاوەكو ئەنجامدەرانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەستگیر دەكرێن.

حازم كەریم خاوەن یەكێكە لە دەرمانخانەكانی خانەقین و ئەندامی دەستەی پشكنینی سەندیكا بە تۆڕی 964ی وت، “ئەمڕۆ سەرجەممان دەستمان لە كارەكانمان هەڵگرتووە بۆ دەربڕینی هاوسۆزیی”.

شەوی رابردوو، دكتۆر ئەحمەد پاش تەواوبوونی لە كار و لە كاتی رۆشتنەوەی بۆ ماڵەوە لەسەر دەستی كەسانی نەناسراو لەبەردەرگای ماڵی خۆی کوژرا لە شاری بەعقوبە.