دانانی کامێرای تۆمارکردنی خێرایی لە رێگەکانی دەرەوەی سلێمانی - وێنە: 964
ئەمڕۆ کامێراکانی رێگەی سلێمانی بۆ عەربەت کارا دەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی مۆعیدەکەی هاتوچۆی سلێمانی، لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کامێراکانی سەر رێگەی نێوان سلێمانی بۆ عەربەت، وە لە عەربەتەوە بۆ وارماوا کارا دەبن و سزای تیژڕەویی تۆمار دەکەن.
لە رێگەکە چەند خێراییەکی جیاواز دانراوە، بەو پێیە بە درێژایی 19 کیلۆمەتی نێوان سلێمانی-عەربەت، وە 15 کیلۆمەتری نێوان عەربەت-وارماوا، ناوچەی نیشتەجێ بوون، وە پیشەسازی و کارخانەی تێدەکەوێ و زۆرینەیان لە قەراخی رێگەکەن.
لەپێش هەموو کامێراکان، تابلۆی ئاگادارکردنەوەی کامێرا دانراون، سەرچاوەیەک بەرپرس لە هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، تەنیا رەچاوی خێرایی سەر تابلۆکان بکرێ، هیچ پێ بژاردنێک بۆ شۆفێر ناگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی، ئۆتۆمبێلی بچووک پێنج کیلۆمەتر لێخۆشبوونیان هەیە، وە لێخۆشبوونی بارهەڵگرەکان سێ کیلۆمەترە، ئەگەر شەقام 80 کیلۆمەتە بوو تا 85 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا رێگە پێ دراوە، لە 86 سزا تۆمار دەکرێ.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی، کامێراکان خاڵ بۆ خاڵ و دوور نێوانیان تۆمار دەکەن، لە فولکەی تانجەرۆ کە دێیت بەرەو عەربەت، تا بازگەکە خێراییەکە بە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاری کراوە بۆ ئۆتۆمبێلی جۆری تایبەت.
هەروەها، لە بازگەی عەربەت بۆ پێش کۆتا کامێرایی عەربەت بە 100 کیلۆمەتر بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک و 80 کیلۆمەتر بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە دیاری کراوە، هەروەها داخڵبوون لە دەروازەی عەربەت بە 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک و 50 کیلۆمەتر بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە دیاری کراوە.
دەشڵێت، لە نێوان دوو کامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی رێگەپێدراو کە دیاریکراوە شۆفێری بکات، بە پێچەوانەوە سزای دیاریکراو دەدرێت، هەروەها لەنێوان کامێراکانی دیکەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا دووبارە دەیگرێتەوە.
عەربەت کە بە دووی 19 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، لە شەش خاڵ بە 12 کامێرا، ئیتر رێگەکەی خێرایی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێدا تۆمار دەکرێ، کە هاتوچۆ لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەکانی پەیوەست بە قەزای ناوەندی سلێمانی، ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان دەکەن.