"تا دوو مانگی تر کارتی 86 هەزار خانەنشین تەواو دەبێت"

خانەنشینانی سلێمانی یەکەم موچەی ئەلیکترۆنییان وەرگرت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەشێک لەخانەنشینانی سلێمانی موچەی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵیان بە ئەلیکترۆنی وەرگرت. بەرپرسی بانکێکی سلێمانیش دەڵێت، تا دوو مانگی تر سەرجەم خانەنشینان بەو سیستمە موچە وەردەگرن.

86 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی لەسنووری پارێزگای سلێمانین و موچەکانیان لەسەر بانکی مەڵکەندییە.

ئەم مانگە هەزار و 400 خانەنشین بە ئەلیکترۆنی موچەیان وەرگرتووە و کارتی هەموو ئەوانی تریش کراوە و تەنیا کاراکردنیان ماوە.

شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لەشاری سلێمانی بەتۆڕی964ی راگەیاند: پڕۆسەکە زۆر بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و هیچ کێشەیەک رووی نەداوە.

“هەموو کارتەکان تەواو بوون، بەڵام قۆناغ قۆناغ کارا دەکرێن و تا دوو مانگی تر هەموویان بەردەست دەبن”، شۆخان عومەر وای وت.