لە سنووری وەرتێ

ئۆتۆمبێلێک لە بەرزی 100 مەترەوە کەوتە خوارەوە؛ شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

ئاکام غەفور – سۆران

لە کوێستانی مەکێی سنوری وەرتێ، ئۆتۆمبێلێک لە بەرزی 100 مەتر و لە پێچەکانی رێگاکە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.

واحید موشیر شایەتحاڵ و بەسەر رووداوەکە کەوتووە، ئەو بە 964ـی وت، “ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆیۆتا کرۆلایە و لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی و وەرگەڕانی، شۆفێرەکەی لێ دەرچووبوو، کە هەڵمانگرتەوە برینێکی گەورە لە سەری هەبوو، بەڵام گیانی لەدەستنەدابوو”.

وتیشی، ئۆتۆمبێلەکە تەنیا شۆفێرەکەی تێدابوو کە خەڵکی وەرتێ بوو و کەسی دیکەی لەگەڵ نەبوو.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئاشتی بە 964ـی وت، “ئەو کەسەی لە رووداوەکەی وەرتێ بریندار ببوو، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری