"20 ملیۆن زەرەرم کردووە"
جوتیارانی هەریر و باتاس دەست بەئەژنۆ و رەنج بەخەسارن
964+
ئاکام غەفور – سۆران
وشکەساڵی و بێئاوی رەنجی بەشێکی زۆر لە جوتیارانی هەریر و باتاسی بەبا بردووە و برنجی ئەمساڵیان لەناوچووە و جوتیارێکیش دەڵێت، 20 ملیۆن دینار زەرەری کردووە.
بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو، برنج لەو ناوچەیە هەر گوڵی نەگرتووە، جوتیارانیش دەستیان لێ بەرداوە، مەڕ و ماڵاتیان لە ناو کردووە، فرسەت مستەفا، جوتیارە و بۆ 964 دەردە دڵی خۆی کرد و وتی، “10 تەنەکە چەڵتوکی برنجم داچاندبوو، چاوەڕێم دەکرد نزیکەی 250 تەنەکەی بەرهەم بێت، بەڵام بەهۆی بێ ئاوی چاوەڕێی هیج بەرهەمێک ناکەین بۆ ئەمساڵ و لە ئێستاوە دەستم لێ بەرداوە و برنجەکە بووە بە لەوەڕگای مەڕوماڵات”.
وەک باسی دەکات، جگە لە خۆی زیاتر لە 25 جوتیاری تریش بە هەمان شێوە لە برنجی ئەمساڵ رەنج بە خەسارن، تەنها %20 برنجی ناوچەکە وشکی نەکردووە ئەویش بەرهەمێکی جوانی لێدەرناچێت.
دەشتی هەریر و باتاس یەکێکە لە ناوچە بە پیتیەکان بۆ کاری کشتوکاڵی و ساڵانەش نزیکەی 300 دۆنم زەوی لە دەشتەکە دەکرێت بە برنج.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح