لە ئێستاوە ئاو کەمە
سەرەڕای کەم ئاوی جوتیارانی باتاس برنجی خۆیان چاندووە
964+
ئاکام غەفور- سۆرا
جوتیارانی باتاس قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە، دەستیان کردووە بە چاندنی برنج، بەڵام خەمی گەورەی ئەوان کەم بوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوە.
برنج بەوە ناسراوە کە پێویستی بە ئاوی زۆرە تاکو پێدەگات، جوتیارانیش دەڵێن، تا زیاتر ئاو بدرێت بەرهەمێکی جوانتر و باشتری دەبێت.
محەمەد عەزیز، جوتیارە لە باتاس و بە 964ـی وت، ”هەر لە ئێستاوە ئاو کەمە، کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرهەمی برنج، بەجۆرێک بەرهەمی برنج %50 کەم دەکات و ئەگەر ساڵانە لە تەنەکەیەک پەنجا تەنەکەی بەرهەم هەبووبێت ئەمساڵ نزیکەی 25 تەنکە دەبێت”.
وەک ئەوەی باسی دەکات، لە چاندنی تا پێگەیشتنی برنج، بەردەوام پێویستی بە ئاودانە ئەگەرنا وشک دەبێت.
رزگار رۆستەم، جوتیارێکی دیکەیە لە دەشتی هەریر و دەڵێت، ئەگەر برنجی دەنک درێژ وەک پێویست ئاو نەدرێت، ئەوە دەنکەکەی ورد دەبێت، برنجی کوردیش تامی خۆش نابێت.
ساڵانە بە تێکڕا لە دەشتی هەریر و باتاس نزیکەی 300 دۆنم زەوی بە برنج دادەچێندرێت، لە ساڵی 2023 جوتیارانی باتاس و هەریر، رەنج بەخەسار بوون، ئەوەش بەهۆی گەرمای هاوین و کەمی ئاو، بەرهەمیان وەک پێویست نەبوو.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر