باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەبێ گفتوگۆکردنى پڕۆژە یاساى حەشدى شەعبى
سێ رۆژ لەسەریەک ئەنجومەنى نوێنەران کۆدەبێتەوە
وریا فەتاح
بەشی راگەیاندنی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، کارنامەی سێ دانیشتنی لەسەریەکى بڵاوکردەوە، کە بڕیارە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممەى داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام لە هیچ یەکێک لە کارنامەکاندا یاساى حەشدى شەعبى تێدا نییە.
دانیشتنەکان رۆژانى (25،26،27)ـى ئەم مانگە بەڕێوە دەچن.
وەک ئەوەى لە کارنامەکاندا روونکراوەتەوە، 19 بڕگەو بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەڵام پرسى پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی کە بەلاى ئەمریکییەکانەوە قبوڵکراو نییە، لەو 19 بڕگەیەدا بوونى نییە.
بهپێی راپۆرتێكی پهیمانگاى واشنتۆن بۆ سیاسەتى رۆژههڵاتى نزیك کە سەرەتاى ئەم مانگە بڵاوى کردووەتەوە تێیدا هاتووە، ئهمریكا بهتوندی مامهڵه لهگهڵ عێراق دهكات لە ئەگەرى سوربوون لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى حەشدى شەعبى.