وێنەی مانگی دەستکرد بڵاوکرایەوە

ئەگەری هەیە نەوتێکی زۆری ئێران لە دەریا رژابێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، گومانی رژانی نەوت لە نزیک دوورگەی خارگی ئێرانی هەیە، بە پانتایی 45 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بە وێنە مانگی دەستکرد کردووە و دەڵێت: گومانی رژانی نەوت هەیە بە پانتایی 45 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە نزیک دوورگەی خارگی ئێران.

رۆیتەرز نووسیویەتی، بە پێی وێنەکان، کە لە لایەن مانگە دەستکردەکانی کۆپەرنیکۆس سەنتینێل 1، سێنتینێل 2 و سێنتینێل 3 لە رۆژانی 6 و 8ی ئەم مانگە گیراون، ئەگەری رژانی نەوت وەکو شلەیەکی خۆڵەمێشی و سپی دەردەکەوێت لە ئاوەکانی رۆژئاوای دوورگەی خارگ بە درێژیی 8 کیلۆمەتر.

لیۆن مۆرلاند، توێژەر لە ⁠روانگەی ململانێ و ژینگە، کە مەزەندەی کردووە کە رووبەرەکەی نزیکەی 45 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەشڵێت: “ئەو شلەیە لە رووی بینراوەوە لەگەڵ نەوتدا یەکدەگرێتەوە”.

هەروەها لویس گۆدارد، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاری داتا دێسک کە گرنگی بە کەشوهەوا و کاڵاکان دەدات، هاوڕایە لەوەی پێدەچێت وێنەکان شلەیەکی نەوتیی نیشان بدەن، کە بە وتەی خۆی گەورەترین شتە کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران 70 رۆژ لەمەوبەر رووبدات.

رۆیتەرز دەڵێت، سوپای ئەمریکا و نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، وەڵامی داواکاریی ئەوانیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر وێنەکان.

لیۆن مۆرلاند هەروەها دەڵێت، هۆکاری ئەگەری رژان و خاڵی سەرچاوە تا ئێستا نادیارە، وێنەکانی 8ی ئایار هیچ بەڵگەیەکیان نیشان نەداوە بۆ رژانی زیاتر.

دوورگەی خارگ ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بە رێژەی 90%، کە بە گوێرەی سەرچاوەکە، بەشێکی زۆری بەرەو چین دەڕوات.