سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند

سێ رۆژ ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەبێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تروس سۆشیالەوە رایگەیاند، لە 9 تا 11ی ئایار، ئاگربەستی سێ رۆژە لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا دەبێت، ئەمەش بە بۆنەی یادی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم بە سەرکەوتنی رووسەکان.

ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین لە 29ی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو، ئاگربەستێکی کاتی لە کاردایە. پوتین ساڵی رابردوو ئاگربەستێکی هاوشێوەی راگەیاند کە سێ رۆژی خایاند، بەڵام لەگەڵ کیێڤ رێکنەکەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی 8.5.2026 ئاگربەستەکەی راگەیاند و وتی، راگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکان دەبێت و هەردوولاش هەریەکەی هەزار دیل دەگۆڕنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، “بەهیوای ئەوەی سەرەتای کۆتاییهاتنی جەنگێکی زۆر درێژخایەن و کوشندە و سەخت بێت، پێشکەوتنی بەردەوامیش لە گفتوگۆکاندا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکان.

رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022ـەوە شەڕیان دەستپێکردووە، دوای ئەوەی رووسیا هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا و تا ئێستاش بە هەزاران سەرباز و هاوڵاتی لە هەردوولا کوژراون و بە ملیۆنان هاوڵاتیی ئۆکرانیاش ئاوارە بوون.