"گێڕانەوەى شکۆیە"

 رانیە؛ دیواری قوتابخانە حکومییەکان لە ریکلامی قوتابخانە ئەهلییەکان پاککرایەوە

964+

وریا فەتاح

لە هەڵمەتێکدا، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و ئاسایشی راپەڕین، سەرجەم ئەو ریکلام و پۆستەرانەیان لێکردەوە کە لەلایەن قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکانەوە لەسەر دیوار و دەرگای بینای دامەزراوە حکومییەکان هەڵواسرابوون.

قایمقامیەتی رانیە ئەم کارەی بە “ناشارستانی” ناوبرد و رایگەیاند کە پێویستە شکۆ و پێگەی دامەزراوە حکومییەکان پارێزراو بێت.

لە راگەیەندراوەکەى قائیمقامییەتدا هاتووە،”لە هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەولەویەت بۆ دامودەزگا حکومییەکانە، ناکرێت خوێندنگە حکومییەکان بکرێنە شوێنی کاری ریکلامی ناڕێکخراو، چونکە ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر دەروون و لۆژیکی فێرخوازان دەبێت.”

وەک باسکراوە، ئەم دۆخە وا لە قوتابی دەکات هەست بکات دامەزراوەکەی خاوەندارێتی لێناکرێت و جیاوازی لەنێوان کەرتی خوێندنی حکومی و ناحکومیدا دروست دەکات.

لیژنە هاوبەشەکان داوا لە خوێندنگە ناحکومییەکان دەکەن کە بۆ کاری ریکلام، پەنا بۆ پەیجە فەرمییەکانی خۆیان ببەن، یان بە رەزامەندی سەرۆکایەتی شارەوانی شوێنی تایبەت بەکرێ بگرن.

جەخت کراوەتەوە کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی راپەڕین چاودێری ئەو بڵاوکراوانە بکات کە بە شێوەیەکی ناشارستانی لە بەردەم ماڵاندا فڕێ دەدرێن.

ئەو شوێنانەی کە ریکلامەکانیان لێکراوەتەوە:

بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆریی پەروەردەی راپەڕین
بینای مزگەوتی گەڕەکی بنار
باخچەی منداڵانی شنە
قوتابخانەی بنەڕەتی کچان
قوتابخانەی بنەڕەتی بیتوێن
قوتابخانەی کێوەرەشی بنەڕەتی
قوتابخانەی شاورێی بنەڕەتی
قوتابخانەی رەنجدەرانی بنەڕەتی
بینای قوتابخانەی پەیام
قوتابخانەی ئامەدی بنەڕەتی

قایمقامیەتی رانیە داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە بۆ گەیاندنی هەر سکاڵا و زانیارییەک، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی 07708593000 بکەن.