كاركردن لە رێگەی هەولێر - كۆیە بەردەوامە فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگای هەولێر
"قۆناغی زۆر باشی بڕیوە"
هەزار و 500 كەس و زیاتر لە 300 ئامێر لە دووسایدی هەولێر- كۆیە كاردەكەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کارکردن لە دووسایدی هەولێر- كۆیە قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و رۆژانە هەزار و 500 كەس و زیاتر لە 300 ئامێری جۆراوجۆر ئیشی تێدا دەكەن، ئەمە بە قسەی پارێزگای هەولێر.
راگەیاندراوێكی پارێزگای هەولێر، كە شەوی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، دووپاتی دەكاتەوە، کارکردن لە دووسایدی هەولێر- كۆیە بە كوالێتییەكی یەكجار بەرز بەردەوامە و پڕۆژەکەش قۆناغی باشی بڕیووە، ئێستاش لە قۆناغی كۆتایی ئامادەكردنی شەقامەكەدایەة، كە پێی دەگوترێت “بیس كورس”، لە دوای ئەوە قیرتاوكردن دەستپێدەكات.
ئاماژە بەوەش دەكەن، رێگەكە بە ستاندارد و وردەكاری و كوالێتییەكی بەرز دروست دەكرێت و سەرجەم وردەكارییەكانی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی شوفێران بە ئاسانی هاتوچۆی تێدا بكەن.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، “رۆژانە ستافێكی هەزار و 500 كەسی، بۆ ماوەی 10 سەعات كار لە رێگەكەدا دەكەن، ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكە گەیشتووەتە 20 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە قۆناغی بڕین و پڕكرددنەوەی كۆتایی هاتووە و پتر لە 300 ئامێر كار دەكەن لە پڕۆژەكەدا، زیاتر لە یەك ملیۆن مەتر سێجا كاری بڕین و یەك ملیۆن كاری پڕكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە”.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، “رێگەكە 32 مەتر پان دەبێت و پردێكی بە درێژیی 250 مەتر لەسەری دروست دەكرێت، هەروەها پێنج ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت، بە تەواوبوونیشی هاتوچۆی خەڵك بە نزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كورت دەبێتەوە، هەروەها لە خاڵی كەسنەزانەوە دێتە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، ئەگەر هەر رێبوارێك بیەوێت بەرەو پارێزگای دهۆكیش بڕوات، دەتوانێت راستەوخۆ شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و 100 مەتری بەكار بهێنێت و بەرەو ئەو پارێزگایە بڕوات”.
“زۆربەی كاری ئاوبەرە كۆنكریتییەكانی كراوە، كۆمپانیا كارگەی كۆنكریت و قیری تایبەت بەخۆی لە پڕۆژەكەدا داناوە، هەروەها كاری فەرشكردنی چینی سەرەكی تێكەڵە دەستیپێكردووە، بڕیارە لە ماوەیەكی كورتدا دەست بكرێت بە فەرشكردنی قیر، خاڵی دەستپێكی رێگەكە كە دەكەوێتە بەرانبەر باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، تەواو بووە، بە تەواوبوونی ماوەی نێوان ئەو دوو شارە لە سەعاتێكەوە بۆ كەمتر لە نیو سەعات كەم دەبێتەوە”، لە راگەیاندراوەكەی پارێزگای هەولێردا واهاتووە.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – كۆیە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا و بڕی 435 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، كاركردن تێدایە لەلایەن كۆمپانیای ئوزان بە سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بەڕێوەدەچێت.