فێستیڤاڵەکەی کەلار جوڵەی خستە بازاڕەوە

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

 فێستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار جوڵەی خستە بازاڕی شارەکە و دوو هەزار هەلی کاری بۆ گەنجان رەخساند، خاوەن کار و کۆمپانیا بەشداربووەکانیش بایی ١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار خواردەمەنی و کەلوپەلیان فرۆشتووە.

ئەمساڵ فێستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار سەردانیکەرێکی زۆرتری هەبوو و داهاتێکی زۆرتریشی پەیدا کرد، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش دەڵێت لە ماوەی چوار رۆژدا، فێستیڤاڵەکە ١٨٠ هەزار سەردانیکەری هەبووە.

“لە ماوەی چوار رۆژدا، فێستیڤاڵەکە ١٨٠ هەزار سەردانیکەری هەبووە”

عومەر نەجم سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە میدیازانی وت، ٢٠٠ کۆمپانیا و خاوەنکار، کە١٥٠ کەسیان ئافرەت بوون، بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردبوو و بایی ١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار خواردەمەنی و کەلوپەلیان فرۆشتووە.

کۆمپانیا و خاوەن کارەکان لە باشوور و رۆژهەڵات و باکوری کوردستانەوە بە خواردەمەنی و جل و بەرگی رەسەنی کوردی و کاری دەستی بەشدار بوون. بەشێک لە بەرهەمە خواردەمەنییە کوردەوارییەکان پێکهاتبوون لە هەنگوین، رەشکە، قەرەخەرمان، دۆینە، ترخێنە، ساوەر، گەنمەکوتە و بنێشتە تاڵ.

“١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار خواردەمەنی و کەلوپەلیان فرۆشتووە”

 بەپێی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ئەمساڵ ژمارەی سەردانیکەران ٣٠ هەزار زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەروەها فرۆشیش ١٠٠ ملیۆن دینار زیادیکردووە. 

فێستیڤاڵەکە سێیەمین ساڵە ئەنجامدەرێت، لەناو پارکی شاری یاری کەلار بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو.