هەولێر، شانۆی روسیاو ئۆکرانیا بەیەکەوە دەگەیەنێت
پانزە تیپی شانۆی جیهانی بەشداری فێستیڤاڵی شانۆی هەولێر دەکەن
میدیازان – ههژار ئهنوهر – هەولێر
بەبەشداری ١٥ تیپی شانۆیی جیهانی، حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی هەولێر کارەکانی دەست پێدەکات، سەرپەشتیاری فێستیڤاڵەکەش دەڵێ، ئۆکرانیاش یەکێکە لە وڵاتە بەشدارەکان.
بڕیارە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ١٢ـی ئەم مانگە، بە نمایشکردنی شانۆیی شالیر لە نووسینی شکسبیرو دەرهێنانی کاروان رەوف، تیپی شانۆیی شاری پارێزگای سلێمانی، فێستیڤاڵی شانۆیی هەولێر دەستبەکارەکانی بکات.
هیوا سوعاد، سهرۆكى فێستیڤاڵى نێودهوڵهتیى شانۆى ههولێر، به میدیازانى راگهیاند، حەوتەمین فێستیڤاڵی شانۆیی هەولێر، بە بەشداری پانزە تیپى شانۆیی یانزە وڵاتە، جگه له نمایشى شانۆگهرى ئەوا ژمارهیهك كۆڕ و سیمیناریش ئەنجامدەدرێن و هەروەها پێشانگایهكى كتێبى شانۆییش دهكرێتهوه.
میدیازان دەزانێت، ئۆکرانیاو روسیا بەشداری فێستیڤاڵەکەن، ئەگەرچی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە، هەوڵیش هەیە ئێوارە ئاهەنگێک رێکبخرێت بۆ ئەوەی شانۆکارانی هەردوو وڵات بەشداری تێدا بکەن و بەیەکەوە سەما بکەن.
جگە لەو دوو وڵاتە، ئەوا وڵاتانی میسر، تونس، سوریا، ئوردن، عهمان، ئێران، عێراق، كوردستان و توركیا، بەشداری فێستیڤاڵەکەن.
“فێستیڤاڵی شانۆیی هەولێر بە شانۆی شالیر دەستپێ دەکات و بە شانۆی هەڵەبجە کۆتایی دێت”
“ئەگەرچی هەولێرییەکان لەم فێستیڤاڵە چوار نمایشی شانۆیی دەکەن، بەڵام تەنیا شانۆیی شەوگار گۆرانی خۆی دەڵێت، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی مەهدی حەسەن، بەشداری پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دەکات”. هیوا سوعاد وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کۆتایی فێستیڤاڵەکەش بە شانۆیی هەڵەبجە دەبێت کە تیپئ شانۆیی هەڵەبجە پێشکەشی دەکەن، کە دەرهێنەری هونەرمەند راڤیارە.
هیوا سوعاد زیاتر وتى “لیژنهیهكى دادوهرى ههڵسهنگاندن بۆ نمایشهكان دەکەن، باشترین ئهكتهرى كوڕ و كچ، باشترین شانۆگەری، سینۆگرافیا و دهرهێنهر، خەڵات دەکرێن”.
حەوتەمین فێستیڤاڵى نێودهوڵهتیى شانۆیی ههولێر، كاتژمێر شەشی ئێوارهى رۆژی ١٢ـی ئەم مانگە لەهۆڵى پێشهوا دەستپێ دەکات و، بە نمایشی شانۆیی هەڵەبجە، رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت.