ئەگەر چەپەوانەیت دڵخۆش بە
زۆرێك لە چەپدەستەكان داهێنەر و پێشەنگی جیهانن
964+
محەمەد فاتیح
لەگەڵ بەردەوامی كاركردن، بۆ بەرزكردنەوەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک، لەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی چەپدەستەكان دەبنەوە، لە جیهانێکدا کە تا رادەیەکی زۆر بۆ کەسانی راستەوانەكان داڕێژراوە، هەروەها بۆ دانپێدانان بە سیفەت و بەهرە ناوازەکانی ئەم كەسانە، ئەمڕۆ 13ـى ئاب، لە سەرانسەری جیهان ئاهەنگ بۆ چەپەوانەكان دەگێڕن.
رۆژی جیهانی چەپدەستەكان دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگاریانەی رۆژانە رووبەڕووی چەپەوانەكان دەبنەوە، کە نزیکەی له 10%ـى دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها تیشک دەخاتە سەر داهێنان و خۆڕاگری و تایبەتمەندی ئەم کەسانە، بە درێژایی مێژوو.
دەتوانین ئەو کاریگەرییە ببینین کە چەپدەستەكان هەیانبووە، لە کەسایەتییە مێژووییەکانەوە تا هونەرمەندانی هاوچەرخ، سەرکردە کاریگەرەکان تا ئەکتەرە داهێنەرەکان، چەپەوانەكان بە داهێنان و لێهاتوویی سەرکردایەتیکردنیان جێپەنجەی خۆیان لەسەر جیهان بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگاریانەی کە رووبەڕوویان دەبنەوە، وەک بەکارهێنانی ئامراز و ئامێر و بەرهەمەكان، کە بۆ کەسانی راستدەستەكان دیزاین کراون.
زۆرێك لە سەرچاوەكان، وەک بی بی سی، باسیان لەوەكردووە، کە هەندێك لە زانایان دەڵێن مێشكیشیان جیاوازە.
لە 13.8.1992 رۆژی جیهانی یانەی چەپەوانەكانی جیهانی راگەیەندرا، کە چالاکییەكی ساڵانەیە و رێگا بە چەپەوانەكان دەدات، لە هەموو شوێنێک ئاهەنگ بگێڕن بۆ دەستکەوتەکانیان و هۆشیارکردنەوەی گشتی، لە سوود و زیانەکانی بەكارهێنانی دەستی چەپ.
ژمارەیەک کەسایەتی مێژوویی بەناوبانگ كە بە چەپدەستەكان ناسراو بوون.
–ئەڕستۆ: فەیلەسوفێكی یۆنانییە و بە فەرهەنگ و باوكی فەلسەفەی رۆژئاوا دادەنرێت
–نیکۆلا تێسلا: داهێنەر و ئەندازیار و ئایندەناسێکی دیدەوانی سربی-ئەمریکی بوو، بە کارە پێشەنگەکانی لە بوارەکانی کارەبا و موگناتیسیدا ناسرابوو.
–ڤینسێنت ڤان گۆگ: نیگارکێشێکی هۆڵەندییە و بە رەنگە زیندووەکانی ناسراوە.
–ڤۆڵفگانگ ئامادێوس مۆزارت: یەکێک لە کاریگەرترین ئاوازدانەرەکانی سەردەمی کلاسیکه.
–مایکل ئەنجێلۆ: پەیکەرتاش و نیگارکێش و شاعیر و تەلارسازێکی ئیتاڵی بووە و بەناوبانگترین هونەرمەندی سەردەمی خۆی بووە.