ژیان بۆ چەپەوانەکان زەحمەتترە

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

%10ی مرۆڤەکان چەپدەستن و کەسانی بەناوبانگی وەک هیتلەر و گاندیش لەوانە بوون، کە دەستی چەپیان بەکاردەهێنا، بەڵام ئەگەر وا دەزانیت ژیانی رۆژانەیان وەک کەسێکی راستدەستە، ئەوا دڵنیابە خۆت کەسێکی راستدەستی و تا ئێستا لە ئازارەکانیان تێنەگەیشتووی.

چەپدەستەکان هەر لەگەڵ دەستپێکردنی نانی بەیانی کێشەکانیشیان دەستپێدەکات، چونکە لەسەر سفرەی نان خواردن ئانیشکیان بەر ئانیشکی راستەدەستەکان دەکەوێت و ناچار دەبن شوێنەکانیان بگۆڕن.

کێشەی چەپدەستەکان بەوە کۆتایی نایەت، بەشی زۆری ئەو کەرەستە و ئامێرانەی رۆژانە پێویستن بۆ کەسانی راستەدەست دروستکراون، بۆیە لە کاتی بەکارهێنانی ئەو کەرەستانە ناڕەحەت دەبن، بۆ نموونە لای چەپلەرەکان بەکارهێنانی مەقەست بۆ بڕینی پارچە قوماشێک لە کونکردنی کێوی بێستون قورسترە.

یەکەم بینین و تەوقە کردن وێنەی کەسایەتیت لە مێشکی بەرامبەرەکەت دروست دەکات، بەڵام دروستکردنی وێنای کەسایەتییەکی بەهێز لە مێشکی بەرامبەرەکەیان بۆ چەپلەرەکان تۆزێک زەحمەتە، چونکە ناچارن بە دەستی راست تەوقە بکەن، کە دەستە بێهێزەکەیانە و ناتوانن پیشانی بەرامبەرەکەیان بدەن، کە بە تەواوی متمانەیان بە خۆیانە.

کە چەپدەستی، نووسینیش ماندووت دەکات، چونکە زۆربەی دەفتەرەکان وا دیزاین کراون بەشی چەپیان دەکەوێتەوە سەر بەشی راستیان، بۆیە چەپدەستەکان ناتوانن لە یەک کاتدا بە چەپە بنووسن و رێگە لە داخرانی دەفتەرەکە بگرن.

ئەو کەرەستانەی بۆ راستەدەستەکان دروستکراون، نەک هەر ژیانیان لە چەپدەستەکان تاڵکردووە، تەنانەت ساڵانە بەهۆی ئەو کەرەستە و ئامێرانەوە نزیکەی 2500 چەپدەست گیان لە دەست دەدەن بەهۆی ئەوەی ناتوانن بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو ئامێرانە بکەن و هێزیان بەسەریاندا ناشکێت.

راستە ژیان بۆ چەپدەستەکان زەحمەتترە، بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەن کە زۆرێک لە سەرکردە و کەسەباڵا و بەهرەمەندەکانی مێژوو چەپدەست بوون.