
وێنە-مەرزی پەروێز خان-سۆشیال میدیا
مەرزی مەنزریە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان سڕ دەکات
+964
هونەر فارس- گەرمیان
ماوەی دە رۆژێک دەبێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەمەرزی پەروێزخان کەمی کردووە، بەڕێوەبەری مەرزەکەش هۆکارەکەی بۆ ناشەفافی مەرزی مەنزریە دەگەڕێنێتەوە.
بەراورد بە دە رۆژ پێش ئێستا، رۆژانە لەنێوان 700 بۆ 900 باری جۆراوجۆر لەمەرزی پەروێزخانەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکران و داهاتی مانگانەی مەرزەکەش لەمانگی یەکی ئەمساڵ 21 ملیار دینار بووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964 ماوەی دە رۆژێکە قەبارەی بازرگانی لە مەرزەکە کەمی کردووە.
عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان زانیاریەکانی تۆڕی964ی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد لەئێستادا رۆژانە 200 بۆ 300 باریان لەچاو پێشتردا کەمی کردووە.
ئەو بەڕێوەبەرە هۆکاری کەمکردنی بارەکانیشی بۆ ناشەفافی مەرزی مەنزریەی خانەقین گەڕاندەوە و دەڵێت: زیاد لەهەفتەیەکە لە مەرزی مەنزیە پشکنین بۆ بارەکان ناکرێت، بەو هۆیەشەوە بازرگانەکان بارەکانیان لەو مەرزەوە داخڵی هەرێم دەکەن.