نەوتی شیواشۆک نمایش دەکرێت

چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیری تەق تەق بەڕێوەدەچێت

دەریا ئەحمەد – کۆیە

بڕیارە لە رۆژی 15.8.2025 کە دەکاتە رۆژی هەینی داهاتوو فیستیڤاڵی چوارەمی هەنجیر لە قەزای تەق تەق بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێ دەکرێت 100 تۆن هەنجیر لەو رۆژەدا بفرۆشرێت.

ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەق تەق تایبەت بە 964ـی وت، ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵی هەنجیر ئامانجی خۆی پێکاوە کە دەمانەوێت بەرهەمی هەنجیری تەق تەق و شوێنە گەشتیاریەکانی بە شوێنەکانی تر بناسێنین و ئێستا وامان کردووە لە بەغدا و ناوچەکانی تری عێراقیش بەرهەمی هەنجیری تەق تەق متمانە و خواستی تەواوی لەسەرە و بە باشی ناسراوە و ئەمەش بەهۆکاری فیستیڤاڵەکەی دەزانین.

وتیشی، جیاواز لەساڵانی پێشوو ئەمساڵ جگە لە بەرهەمی هەنجیر و کاری دەستی خانمان و چەندین بەرهەمی خۆماڵی، نمونەی نەوتی شیواشۆک لە فێستیڤاڵەکە نمایش دەکەین کە باشترین جۆری نەوتە و لە سعوودیە بە نەوتی ئەڵماس ناسراوە.

لە ساڵانی پێشوو سێ جار لەسەر یەک فێستیڤاڵی هەنجیر ئەنجامدراوە و ئەمساڵیش چوارەم فێستیڤاڵی هەنجیر ئەنجام دەدرێت و چاوەڕێ دەکرێت هەزاران میوانی هەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی