ئاگرەکەی ناڵپارێز. فۆتۆ: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە گوندی توتمان
ئاگر لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەیشتە ناڵپارێز و 500 دۆنم زەوی سوتاند
964+
ژووری هەواڵ
ئاگرێک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریهەڵدا و گەیشتە گوندێکی ناڵپارێز لە سلێمانی، دوای سوتاندنی دەیان دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی کۆنترۆڵکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 11.8.2025، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئاگرێکی فراوان لە گوندی “توتمان”ـی سنووری ناڵپارێز کەوتەوە و نزیکەی 500 دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سوتاند.
“سەرچاوەی ئاگرەکە لە سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو ئەمدیو سنوور تەشەنەی کردووە”، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.
ئاگرەکە بە هاوکاری دانیشتوانی سنورەکە و لەلایەن مەفرەزەیەكی بنکەى پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز کۆنترۆڵکراوە.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، تائێستا هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەوبارەیەوە بەردەوامە.