"بڕوخێ به‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار دروست ناكرێته‌وه‌"

پردەكەی كونەماسی چه‌ندین گوندى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و مەترسی رووخانی لەسەرە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی چوار ساڵ دەبێت، بەهۆی لافاو و ئاوی بارانەوە یەكێك لە پایەكانی پردەكەی كونە ماسی خزاوە و مەترسی بۆ شۆفێرانی ناوچەكە دروست كردووە، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆنیش دەڵێت، دەرخستەی بۆ كراوە و چاوەڕێی بودجەیەكین بۆ نۆژەنكردنەوەی پردەكە.

درێژیی پردەكە 300 مەترە، دەكەوێتە نێوان گوندی بەردەشینی ناحیەی گاپیڵۆن و سەیرانگای كونەماسی، هاتوچۆی گوندەكانی قەزای ماوەت و گەشتیارانیشی لەسەرە.

محەمەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن بە 964ـی وت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نۆژەنكردنەوەی پردەكە دواكەوتووە، دەرخستەی بۆ كراوە و سەرووی خۆشیان ئاگادار كردووەتەوە لە مەترسی رووخانی پردەكە.

وتیشی “بەبڕی 209 ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار دەرخستەی بۆ كراوە و لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر وەرگیراوە، چاوەڕێین بودجەی بۆ تەرخان بكرێت و پێش وەرزی باران بارین دەست بە نۆژەنكردنەوەی پردەكە بكرێت”.

باسی له‌وه‌شكرد، بەهۆی كەمتەرخەمی لەكاتی دروستكردنیدا، پردەكە مەترسی رووخانی لەسەرە، ئەو مەودایەی داتەپیووە و تەواوی پردەكەش بەو بڕە داراییەی بۆی تەرخاندەكرێت نۆژەندەكرێتەوە و كەموكوڕییەكانیشی چارەسەر دەكرێت.

لای خۆیەوە، كامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت بە 964ی وت، بە كارێكی باشی دەزانێت وەكو راگەیاندن كاری لەسەر دەكەن، لەبەرئەوەی پردەكە بەتەواوی داتەپیووە و بۆ وەرزی باران بارینی ئەمساڵ مەترسی رووخانی لەسەر دەبێت.

وتیشی “وەک قایمقام و كاربەدەستانی حكومی ناوچەكە چوار ساڵە خەریكن بۆ نۆژەنكردنەوە، چونكه‌ لە ئەگەری روخانی پردەكە بە یەك ملیۆن دۆلار بۆمان دروست ناكرێتەوە”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن