لە دوورەوە بۆنی دێت

وردەکاری لە بارەی ئەو تەرمەی لە سلێمانی دۆزرایەوە

+964
دیلان محەمەد جەزا _ سلێمانی

ئەو تەرمەی لە ناو ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی دۆزرایەوە، پێدەچێت چەند رۆژێک بێت لەوێ بێت، چونکە لە دوورەوە بۆنی دێت و ئاوساوە.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی ئەمڕۆ زوو هەواڵی هەبوو کە تەرمێک لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە شەقامی سەرەکی نێوان پارکی ئازادی و کانێسکان دۆزاوەتەوە، بە مۆبایلەکەی خۆی ڤیدیۆی کردو وتی تەرمەکە لێرەدا بووە.

کەمێک پێش ئێستا دیلان محەمەد جەزا زانیاری زیاتری لە پۆلیس وەگرت و بۆ بینەرانی 964ی گواستەوە.

تەرمەکە لە ناو ئۆتۆمبێلێکی (متسیوبووشی پایجیرۆ) بووە کە لە قەراغ شۆستەکەی نزیک مزگەوتی کانێسکان وەستاوە، ”لەوە دەچێت لە رۆژێک زیاتر بێت لەوێ مابێتەوە بۆیە بۆنی کردووە”.

ئۆتۆمبێلەکە ژمارەکەی بەغدایەو کەسەکەش عەرەبە، ماوەیەک بووە لە هۆتێلێک ماوەتەوە کە دەکەوێتە نزیک شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکەی.

تیمێکی تایبەت چوونە شوێنی رووداوەکەو تەرمەکەیان گواستەوە بۆ پزیشکی داد، ئێستاش پۆلیس لەوە دەکۆڵێتەوە بزانن بە چی مردووە.