شوفێری بارهەڵگرەکان شەوانە لەسەرەدا خەو بە گازەوە دەبینن
لە خانەقین قڕانی گازوایلە
964+
راژان ماجد – خانەقین
ماوەی مانگێكە لە خانەقین قەیرانی کەمی گازوایل سەریهەڵداوە، شوفێرانیش شەوانە هەشت کاتژمێر سەرە دەگرن بۆ دەستخستنی چەند لیترێک گاز.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری تۆڕی964 ماوەی مانگێک دەبێت قەیرانی کەمی گازوایل لەشاری خانەقین سەریهەڵداوە، جاری واهەیە شوفێری بارهەڵگرەکان دوو شەو لەناو بارهەڵگرەکانیان رۆژ دەکەنەوە بۆ دەستخستنی بەشە گازوایلەکەیان.
ئەو قەیرانە بەپلەی یەکەم کاریگەری لەسەر پاس و مینی پاسی گواستنەوەی قوتابیان دروستکردووە.
بەرپرسانی خانەقین، هۆکاری ئەو دۆخە بۆ رۆتینیاتی حکومەتی عێراق دەگەڕێننەوە لە نوێکردنەوەی مۆڵەتی وێستگەکان.
ئەحمد زەرگۆشی، قایمقامی قەزای ناوەندی خانەقین بە تۆڕی964ی راگەیاند، كێشەی گاز هەموو پارێزگای دیالەی گرتووەتەوە و ئەو بڕەی دێتە خانەقین بەشی شارەكە ناكات،
“ئەم ماوەیە حكومەتی عێراق دووبارە مۆڵەتی خاوەن وێستگەكان نوێ دەکاتەوە، كە ئەمەش كارێكی رۆتینە و كاتی زۆری پێدەچێت و لەو ماوەیەدا گاز بە وێستگەكان ناگات،” ئەحمد زەرگۆشی وای وت.
حوسێن عەلی یەكێك لەو هاوڵاتیانەیە كە رۆژانە ناچارە لەوێستگەکان سەرە بگرێت بۆ گاز، ئەو بە تۆڕی 964ی وت “هەموومان دەزانین ئەم كێشانە دروستكراون کەیەخەی ئێمەی هاوڵاتی گرتووە.”
بەشێک لە شۆفێران بژێویان لەسەر هاتوچۆی پاسەکان و بارهەڵگرەکانیانە، ناچارن شەوێك یان دوو شەو لەکاتژمێر چواری بەیانییەوە سەرە بۆ گاز بگرن.
يەحىا نورەدين، هاوڵاتییەكی دیکەیە كە رۆژانە لە دەوروبەری شاری خانەقین دێت بۆ وەرگرتنی گاز، دەڵێت: كار و كەسابەتمان وەستاوە، چونکە کاری كشتوكاڵ پێویستی بەگازە كە دەستمان ناكەوێت، لە وێستگە حكومییەكانیش هیچ دابەش ناكرێت.
پێداچوونەوەی: هاوبەش ئەبوبەکر