شۆفێرانی پشدەر هەواڵه خۆشه‌كه ده‌بیستن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەم زووانە تاقیگەی پشکنیی ساڵانەی ئۆتۆمبێل كه به (هەززە) ناسراوه، لە قەڵادزێ دەکرێتەوە و شۆفێرانى سنوورى قه‌زاى پشده‌ر، بۆ له‌مه‌ودوا ناچنه رانیه و شوێنه‌كانى دیکە تا پشكنین بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان بكه‌ن.
ئارام محه‌مه‌د سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ به تۆڕى 964ـى راگەیاند “تاقیگەی پشکنیی ساڵانەی ئۆتۆمبێل (هەززە) لە قەڵادزێ دەکرێتەوە و چیتر شۆفێرانی سنووری پشدەر پێویست ناکات رووبکەنە شارەکانی دیکە.
وتیشی “سەرجەم رێکارە ئیداریـیەکانی تەواوبوون و شوێنێكی تایبه‌تیشی له ده‌روازه‌ى شار بۆ دیاریکراوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە”.
سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌ڵادزێ پێشبینى كرد، تا دوو مانگى دیکە كۆتایی به كاره‌كانى كردنه‌وه‌ى ئه‌و تاقیگه‌یه بێت و بكرێته‌وه.
تا پێش ساڵى 2019 هه‌رچی شۆفێرانی سنوورى رانیه و پشده‌ر هه‌بوون بۆ پشكنینی ساڵانه‌كه‌ى ئۆتومبێله‌كانیان ده‌چوونه سلێمانى و كۆیه، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا له سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین (هه‌ززه)یه‌كی تایبه‌ت كرایه‌وه و شوفێرانی سنوورى پشده‌ریش سوودیان لێده‌بینى.