کەلوپەلە مێژوویەکانی قەزایەک لە ماڵی کەلەپوری پشدەرن
964+
مەجید بتوێنی – پشدەر
+ڤیدیۆ
ماڵی کەلەپوری و رۆشنبیری پشدەر بە بەشێک لە کەلوپەلە مێژوویی و کلتورییەکانی قەزاکە رازێندراوەتەوە، هەندێک لە کەلوپەلەکان مێژووەکەیان بۆ ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ماڵی کەلەپوری پشدەر لە ناوەندی شاری قەڵادزێ هەڵکەوتووە، لەلایەن عەلی قادر، ناسراو بەعەلی دینکە، سێ ساڵ بەر لە ئێستا کرایەوە، ئەو لە ماوەی شەش مانگدا کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەی کۆکردەوە و سەرەتا لە شێوەی پێشانگا نمایشی کردن، دەڵێت ئێستا شوێنم نەماوە.
ئێستا ماڵی کەلەپوری پشدەر لەلایەک کەلوپەلی سەرجراکێشی داناوە و لەلایەکی دیکەش بووەتە شوێنی چالاکییە هونەری، رۆشنبیری، ئەدەبی و ژینگەیەکان، کەم کەس هەیە لە پشدەر سەردانی نەکردبێت.
عەلی قادر خاوەنی ماڵی کەلەپوری پشدەر بە 964+ی راگەیاند، “ئەم شوێنە شوێنێکی قازانج نەویستە و بۆ هەمووانە، هەر بۆیە ناویان ناوە ماڵی کەلەپوری پشدەر بۆ هەمووان، سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان دەتوانن سەردانی بکەن لەهەردوو رەگەز.”
ماڵی کەلەپوری لە دوو بەش پێکهاتووە؛ بەشی کلتوری و بەشی ئەدەبی، لە بەشی کلتوریدا بەدەیان کەل و پەلی کلتوری کۆنی کوردەواری هەڵواسراون کە دەتگێڕنەوە بۆ نزیکەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا.
عەلی قادر لە بەشی ئەدەبیدا سەدان کتێب، رۆژنامە، گۆڤار و وێنەی کەسایەتییەکانی داناوە، سەردانیکەرانی ئەم بەشە هەم دەتوانن کتێب بخوێننەوە لە کەشێکی بێدەنگ هەم کتێب بە هەرزان بکڕن و قاوە و چای بخۆنەوە.
علی قادر وتی، شوێنی ماڵی کەلەپوری پشدەری بەکرێ گرتووە، تا ئێستا ٦٠ چالاکی گەورە و دەیان چالاکی بچوکی جۆراوجۆریان لە بوارە جیاجیاکان ئەنجام داوە و هەر لەو ماڵەدا خول و راهێنانی جۆراوجۆریش ئەنجام دەدرێت.