پێنج ساڵە نەوت و هاوکارییەکانی تر وەرناگرن
حکومەتی عێراق ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکانی دهۆکی پشتگوێ خستووە
میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک
+وێنە و ڤیدیۆ
“پێنج ساڵە خۆمان نەوت دەکڕین و توانامان نەماوە، خۆمان بە بەتانی گەرم دەکەینەوە و حکومەتی عێراق هاوکارییەکانی بڕیوین”، ئەمە وتەی بەسێ متۆ، خەڵکی گوندی گردعوزێرە، کە زیاتر لە هەشت ساڵە لە کۆمەڵگەی ساریا لە قەزای سێمێل دەژیت.
ئەمە تەنها خەمی بەسێ نییە، بەڵکوو خەمی ٣٨ هەزار و ٢٥٥ خێزانی ئاوارەی دەرەوەی کەمپەکانی پەنابەرانە لە پارێزگای دهۆک، کە حکومەتی عێراق ماوەی پێنج ساڵە نەوت و بەشێکی زۆری هاوکارییەکانیانی بڕیوە.
سەرەرای هەوڵەکانی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا، بەڵام هێشتا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی هەرێمدا لە نزیک ٢٥٠ هەزار دینارە، ئەوەش ژیانی ئەو ئاوارانەی هێندەی قورستر کردووە.
“یەك بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان بە ٢٥٠ هەزار دینارە”
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە میدیازانی وت: “لە٢٠١٧ەوە یەک ئاوارەی دەرەوەی کەمپ نەوتی وەرنەگرتووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بەداخەوە تا ئێستا ئەوانە بە ئاوارە حساب ناکەن و لە بەشی زۆری هاوکارییەکان بێبەش کراون.”
لە دوای هاتنی داعش و دەستپێکردنی هێرشەکانی لە عێراق، ژمارەیەکی بەرچاو لە خێزانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە. ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک ١٥ کەمپ بوونیان هەیە و ٦٥ هەزار و ١٨٨ خێزانیش ئاوارەی ئەو پارێزگایە بوون، کە ٣٨ هەزار و ٢٥٥ خێزانیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
“بڕیارمان داوە بچین بۆ بەغدا و فشارێکی زۆریان لێ بکەین و بە دەستبەتاڵی نەگەڕێینەوە، چونکە ئاوارەکان بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقین و دەبێت ئەوان نەوت و هاوکارییەکانیان بۆ دابین بکەن”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک وای وت.
وتیشی: “مانگێک پێش ئێستا دوو نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کردووە بۆ دابینکردنی نەوتی بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ و دەرەوەی کەمپ، بەڵام بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ دابین کراوە و بۆ دەرەوەی کەمپیش دیاری نەکراوە.