ساتی هێرشکردنە سەر میری ئێزدییان - وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
"لەبارەی هێرشی گەنجەکە"
کاروباری ئێزدییان: کونسوڵخانەی ئەڵمانیامان ئاگادار کردەوە
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتە هێرشبەرانە دەکات لە بەرامبەر میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان کراوە لە بەرلین.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە زاری، مەسعود مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان دەڵێ، کردەوەکانی “ئەو گەنجە هیچ پەیوەندییەکی بە پرەنسیپ و بەهاکانی ئایینی ئێزیدییەوە نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگەی ئێزیدییە، کە بە رێزگرتن لە رەمز و مەزارگەکانی ناسراوە”.
ئەوەشی وتووە، “ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە سوکایەتیکردن بە میر سووکایەتیکردنە بە هێمایەکی ئایینی و نەتەوەیی، بەرجەستەکردنی مێژوو و ناسنامەی تەواوی گەلێک”، دەربڕینی ئەو هەڵوێستە لە کاتێکدایە، کە میری ئیزدیان لە هۆتێلێکی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە، گەنجێک، “قسەی نەشیاو بە میری ئێزدییان دەڵێ”.
کاروباری ئێزدییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، رێزێکی زۆرمان بۆ دەوڵەتی ئەڵمانیا و گەلەکەی دەردەبڕین و متمانەمان بە یەکپارچەیی و دادپەروەری دەسەڵاتی دادوەری ئەڵمانیا هەیە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە رێکاری یاسایی پێویست لە دژی دەستدرێژکارەکە بگرنەبەر، بەپێی یاسا.
“وەک بەرێوەبەرایەتی گشتی، کونسوڵخانەی ئەڵمانیامان لە هەولێر لەو هەڵسوکەوتە ئاگادار کردووەتەوە”، جددی و کاردانەوەی نەرێنی لە ناو کۆمەڵگەی ئێزیدی و لە ئەڵمانیا بە هەمان شێوە روون دەکەینەوە، رەخنە راستە، بەڵام هێرشکردن لاوازییە، ناکۆکی پاساو بۆ هێرشکردن نادات، میر تەنیا کەسێک نییە، بەڵکو رەمزی نەتەوەیەکە و هەرکەسێک هێرش بکاتە سەری، هێرش دەکاتە سەر تەواوی کۆمەڵگایەک.