ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق - وێنە: X
ئەوەی شایستە نەبێت دووردەخرێتەوە
“لیستی ناوی باڵیۆزە نوێیەكانی عێراق نەگەیشتووەتە پەرلەمان”
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان سەبارەت بە لیستی کاندیدەکانی باڵیۆزانی عێراق بۆ وڵاتانی دەرەوە، روونكردنەوەی دا و رایگەیاند، لیستی ناوەكان نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار دیلان غەفور ساڵح سەرۆکی لیژنەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 4.8.2025 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ “میدیاکان لەم دواییانەدا لیستی ناوی کاندیدە نوێیەکانی باڵیۆزانی عێراقیان بڵاوکردەوە، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنگی لەسەر دراوە و بڕیارە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت”.
هەروەها هاتووە، “لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتڕاستی دەکاتەوە، تا ئێستا ئەو لیستەی کە گوایە ئامادەکراوە، رەوانەی پەرلەمان نەکراوە، ئەگەر هات، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێداچوونەوە بە سیڤی کاندیدەکاندا دەکات و دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە مەرج و پێوەرە پێویستەکان بۆ پۆستی باڵیۆز جێبەجێ دەکەن”.
راگەیاندراوەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەڵێت، وەک لە یاسای خزمەتگوزاری دەرەوە ژمارە 45ی ساڵی 2008دا هاتووە، دیارترینیان لێهاتوویی، دەستپاکی، پیشەیی و ئەزموونە، ئەگەر ناوەکان دەرکەوت کە سەرپێچی ئەو مەرجانەن، ئەوا دووردەخرێنەوە، لیستەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
“پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشتر تێبینییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو لیژنەیە تایبەتەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی ناوی کاندیدەکان پێکهێنرابوو، پێش ناردنیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران، خستبووەڕوو”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.