سێ حاڵەتی گەستنی ماریش هەبووە

دوپشکەکانی ئیدارەی راپەڕین زەفەریان بە 81 کەس بردووە

محەمەد عەلی ـ پشدەر

لەمانگی رابردوودا، رێژەی پێوەدانی دوپشک و مار لە ئیدارەی راپەڕین بەراود بە مانگەکانی تر زیادی کردووە، 81 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی پشدەردا دوپشک پێوەی داون و رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ کراون و چارەسەری پێویستیان بۆکراوە.

راستی خدر، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ ئەمڕۆ دووشەممە 4.8.2025 بە 964ـی وت، “مانگی رابردوو رێژەیەکی زۆر حاڵەتی پێوەدانی دووپشک هەبوون بەراورد بە مانگەکانی رابردوو حاڵەتی لەوشێوە زیاتربووە کە 81 حاڵەتی پێوەدانی دوپشکە هەبووە، لەگەڵ سێ حاڵەتی پێوەدانی مار”.

لەو رێژەیە 60 کەسیان رەگەزی نێر بوون، 13 کەسیشیان لە رەگەزی مێ بوون و هەشتیان منداڵ بوون، هەموویان چارەسەری پێویستیان بۆکراوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و حاڵەتی گیان لەدەستدان نەبووە بەم هۆیەوە.

بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ ئاماژەی بەوەش کرد، دەرمان و چارەسەری پێوەدانی مار یان دوپشک یا هەر حاڵەتێکی ژەهراوی لە نەخۆشخانەکەماندا هەیە بەڕێژەیەکی باش.

ئەو بەرپرسە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بەتایبەت کاسپکاران و گوندنشینان ئەوانەی دوور لە شارن زیاتر ئاگاداری خۆیان بن، کە دوپشک و ماریش پێوەیدان شوێنی سەروی برینەکە ببەستن و بەزوترین کات سەردانی نزیکترین بنکە تەندروستیەکان بکەن.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ بێت، ئاماری گشتی بەتەنیا لەو مانگەدا یەک هەزار و 800 نەخۆش لەهۆبەی فریاکەوتن چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە، لەو رێژەیە 187 برینداری جۆراو جۆر و 81 حاڵەتی پێوەدانی دوپشک و سێ حاڵەتی پێوەدانی مار و 20 رووداوی هاتووچۆ هەبوون، 11 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش